کاتژمێرەکەى جۆن جاکوب ئەستۆر کە وەک یەکێک لە یادگارییەکانى رووداوى نقومبونى کەشتى تایتانیک پارێزگارى لێکراوە وێنە: پێگەى بلۆمبێرگ
بە یەک ملیۆن و 175 هەزار پاوەند
کاتژمێرە زێڕینەکەى دەوڵەمەندترین کەسى ناو کەشتى تایتانیک فرۆشرا
964+
وریا فەتاح
جۆن جاکوب ئەستۆر، دەوڵەمەندترین سەرنشینى کەشتى تایتانیک بووە و خاوەنى کاتژمێرێکى گیرفانى زێڕین بووە کە وەک یەکێک لە یادگارییەکانى رووداوەکە پارێزگارى لێکراوە، تا شەوى رابردوو لە زیادکردنێکى ئاشکرادا بە یەک ملیۆن و 175 هەزار پاوەند فرۆشرا، ئەوەش گەورەترین بڕە پارەیە کە بە یەکێک لە یادگارییەکانى رووداوەکەى کەشتى تایتانیک درابێت.
پێگەى بلۆمبێرگ بڵاویکردەوە، کاتژمێری زێڕین کە وەک پاشماوەى رووداوەکەى کەشتى تایتانیک پارێزگارى لێکرا و خاوەنەکەى دەوڵەمەندترین کەسى ناو کەشتییەکە بوو، بە بڕی پێوانەیی یەک ملیۆن و 175 هەزار پاوەند فرۆشراوە، هەرچەندە سەرەتا بڕیاربوو لە نێوان 100 بۆ 150 هەزار پاوەند بفرۆشرێت.
وەک ئەوەى پێگەکە بڵاوى کردووەتەوە، ئەمە گەورەترین بڕە پارەیە کە تائێستا لە فرۆشتنى یادگارییەکانى کەشتى تایتانیک، کۆکرابێتەوە.
بەپێى هەواڵى رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، پێشوتر زۆرترین بڕی پارە کە بە یادگارییەکى کەشتییەکەى تایتانیک درابێت، یەک ملیۆن و 100 هەزار پاوەند بووە ئەوەش بۆ کەمانچەیەک کە لە کاتی نوقمبوونی کەشتییەکەدا لێدرابوو.
بلۆمبێرگ ئاشکراى کردووە، هەرچەندە بڕى 100 تا 150 هەزار پاوەند بۆ فرۆشتى کاتژمێرەکە دانرابوو، بەڵام کڕیارێکی ئەمریکی لە شەڕی داواکردنی کاتژمێرەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە زیادکردنەکەدا کاتژمێرەکەى بە 900 هەزار پاوەندی بەدەستهێنا، بەڵام کاتێک باج و رسوماتەکان لەبەرچاو دەگیرێن، کڕیارەکە یەک ملیۆن و 175 هەزار پاوەند دەدات.
کاتژمێرە گیرفانییەکە قەبارەکەی زێڕی عەیار 14یە و سەرەتای ناوەکانی JJAـى لەسەر هەڵکەندراوە، کە هى جۆن جاکۆب ئەستۆر، گەورە بازرگانی ئەمریکی بووە.
ئەستۆر تەمەنی 47 ساڵ بوو کاتێک کەشتی تایتانیک لە ساڵى 1912 نوقم بوو، تەرمی ئەستۆر دوای هەفتەیەک لە کارەساتەکە دۆزرایەوە، کاتژمێرەکە لەنێو کەلوپەلی تایبەتی خۆیدا بوو.
نوقمبوونی کەشتی تایتانیک یەکێکە لە بەناوبانگترین کارەساتەکانی مێژووی دەریایی، کە زیاتر لە هەزار و 500 کەسی تێیدا گیانیان لەدەستدا.