"ناوچە گەشتیارییەکانمان دادەخەین"

گەشتیاران دانیشتووانی گوندی شەروێتیان نیگەران کردووە

964+

محەمەد عەلی ــ پشدەر

دانیشتوانی گوندی شەروێت لە پشدەر لە گەشتیاران نیگەرانن و دەڵێن، ئەو گەشتیارانەی روو لە ناوچەکەیان دەکەن پاشماوەکانیان پاک ناکەنەوە و دەبێت ئەوان پاکی بکەنەوە.

رەسول پیرۆت، ئەنجومەنی گوندی شەروێت قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “ئەو گەشتیارانەی دێن بۆ گوندی شەروێت، دوای ئەوەی ناوچەکە جێدەهێڵن پاشماوەی خواردنەکانیان پاک ناکەنەوە و بەپیسی جێی دەهێڵن”.

وتیشی، “ئێمە زۆرجار لەگەڵ گەنجانی گوندەکەمان پاکی دەکەینەوە، ئەگەر هەر ئاوا‌ بەردەوام بن ئێمە هەڵوێستمان دەبێت و ناوچەکەمان بەڕووی گەشتیاراندا دادەخەین”.

ئەو گلەیی و ناڕەزاییە تەنیا هی ئەو گوندە نییە، بەڵکو پێشتریش چەند گوندێک بە هەمان هۆکار ناوچە گەشتیارییەکانیان بەڕووی گەشتیاراندا داخستووە.

سۆران بەرزە، بەڕێوەبەری کۆمپانیایی بیڤان، کە کاری پاککردنەوە دەکات بە 964ـی وت، “ئێمە حاویەی خۆڵمان داناوە بەپێی پێویست، بەڵام ئەوان نایخەنە ناوی و ئاوا جێی دەهێڵن و ژینگە پیس دەکەن”.

روونیشیکردەوە کە ئەوان کارمەندیان کەمە و فریای هەموو شوێنەکان ناکەون و هەموو رۆژانی شەممەیەک ناوچە گەشتیارییەکان پاک دەکەنەوە.

گوندی شەروێت سەر بە ناحیەی ژاراوەیە لە قەزای پشدەر، ئەو ناوچەیەی رووی تێدەکەن سێ گوند لە دەوروبەریەتی، بە هەرسێ گوندەکە نزیکەی 350 ماڵە و پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە.

رێزان خدر، سەرۆکی شارەوانیی ژاراوە بۆ 964ـی روونکردەوە، وێڕای ئەوەی هەوڵیان داوە خزمەتگوزاری بە ناوچەکە بگەیەنن، بەڵام نەبوونی بوودجە لەبەردەمیان رێگر بووە.

وتیشی، “تا ئێستا کەس ئاگاداری نەکردووین گەشتیاران ئەو ناوچانەیان پیس کردبێت، بەڵام لای خۆمانەوە بەدواداچوون دەکەین”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

فەرمانبەرانی ئاوی قەڵادزی زبڵ و خاشاکی ناوچەیەک پاکدە...

فەرمانبەرانی ئاوی قەڵادزی زبڵ و خاشاکی ناوچەیەک پاکدەکەنەوە