لە هەولێر بەڕێوەچوو
لە پێشبڕکێى چوار پارێزگا کچانى خورماتوو یەکەمن
964+
سیروان خورشید-دوزخورماتوو
لە پێشبڕکێی چوار پارێزگا، سێ کچە خوێندکاری خورماتوو، پلەی یەکەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستھێنا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی وەرزش و چالاکی قوتابخانەکان، لەژێر ناونیشانی “ھێزی عێراق لە رۆشنبیری ھەمەجۆردایە”، فێستیڤاڵێکى ئەدەبى بۆ زمانى دایک (کوردى، تورکمانى، سریانى)، رێکخست کە تێیدا پەروەردەکانى هەرچوار پارێزگاى کەرکوک و سەڵاحەدین، نەینەوا، دیالە، بەشدار بوون و بۆ ماوەى دوو رۆژ لە ھۆڵی قوتابخانەی (نصر النموذجية) لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.
عومەر مەدحەت، سەرپەرشتیاری هونەریی خوێندنی کوردی لە خورماتوو بە964ـی وت، “وەک بەشی خوێندنی کوردی خورماتوو بە نوێنەرایەتیى پەروەردەی سەڵاحەدین بەشداربووین و لە کۆی 36 قوتابى لە بەشداربووانی سەرجەم پەروەردەکانی چوار پارێزگاکە، لەریزبەندی چوار یەکەمەکان، خوێندکارێک و دوو قوتابی کوردی خورماتوو پلەی یەکەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستھێنا”.
بۆ یەکەمجارە ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوەدەچێت و بڕیارە ساڵانە بەردەوام بێت، بە قسەى عومەر مەدحەت، ساڵى داهاتوو لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
براوەکانى فێستیڤاڵەکە ئەمانەن:
یەکەم: دیانا تەڵعەت مەجید، توانی پلەی یەکەم لە شیعر خوێندنەوە بەدەستبھێنێت، کە قوتابى بەشى کوردى خوێندنى کوردى خورماتووە.
دووەم: لارین ھێمن بەرزان، توانی پلەی دووەم لە وتاربێژی بەدەستبھێنێت، کە قوتابى بەشى کوردى خوێندنى کوردى خورماتووە.
سێیەم: رەیان رزگار نەجات، توانی پلەی سێیەم لە وتار خوێندنەوە بەدەستبھێنێت، کە قوتابى بەشى کوردى خوێندنى کوردى خورماتووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح