"شەپۆلەکە بۆ گەنم باش نابێت"

پێشبینیکارێکی کەشوهەوا: دروێنەی جۆ و گەنمە زەردەکان بکەن

964+
ئەحمەد مستەفا

کەشناسیی هەرێمی کوردستان و کەشناسەکانی کەشوهەواش وا پێشبینی دەکەن، هەفتەیەکی پڕ باران و بارینی تەرزە لە بەردەم هەرێمی کوردستان بێت، پێشبینیکارێکی کەشوهەوا دەڵێت، “تا رۆژی سێشەممە باشترە جۆ و گەنمە زەردەکان دروێنە بکرێن”.

لە هەرێمی کوردستان، ناوچە گەرمەکان زووتر بەرهەمی گەنم و جۆی تێدا دروێنە دەکرێ، بەراورد بە ناوچە ساردەکان، “ئەوەی بۆ ئەم بەرهەمە مەترسی دروستکردووە لەو شەپۆلەدا هەر تەنیا لافاو و بارانی بەهێز نییە، بەڵکو بوونی هەورە برووسکەیە”.

بە گوێرەى هۆشدارییەکى بەشی کەشناسی وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، پێشبینیی هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی توند لەم هەفتەیەدا، بە تایبەتی لە رۆژی چوارشەممە دەکرێ، کە زیادبوونێکی خێرای ئاو روودەدات، حکومەتى هەرێم داوا لە هاوڵاتییان دەکات، “خۆیان لە نزیک سەرچاوەکانی ئاو دووربخەنەوە و کاری پێویست بۆ پاراستنی بەرهەم و کێڵگەکانیان بکەن”.

ئەمڕۆ شەممە 27.4.2024، پشتیوان ئیبراهیم، پێشبینیکاری کەشوهەوا بە 964ی وت، “رۆژ لە دوای رۆژ نزیك دەبینەوە لە هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی باران بارین و دروستبوونی لافاو و هەورەبروسكە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، داوا لەو جوتیارانە دەكەم کە جۆ و گەنمیان زەرد بووە، ئێستا كاتی دروێنەیە بە تایبەتی بەرهەمی جۆ”.

ئەو پێشبینیکارە، مەترسی خۆی بۆ بارانبارینی بەهێز و دروستبوونی لافاو و هەورە برووسکە لە بەشێک لە ناوچەکان خستەڕوو، وتیشی، “ئەو بەروبوومانەی كە وشك بوون وا باشترە لە ئەمڕۆوە، دەستبكەن بە دروێنەكردن و پەلەی تێدا بكەن، تا رۆژی سێشەممە 20.4.2024، دەرفەتیان هەیە بەربوومەكانیان لە گەنم و جۆ دروێنە بكەن، بە پێچەوانەوە لەوانەیە تووشی زیان ببن”.

دوێنی هەینی 26.4.2024، وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە نۆ پارێزگا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە و تا ئێستا 270 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.

هەفتەی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی راگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پێشبینی دەکات ئەمساڵ شەش بۆ حەوت ملیۆن تۆن گەنم وەربگرن و هەر تۆنێکیشی بە 850 هەزار دینار بێت.

ئەو پارێزگایانەی عێراق کە دروێنەی گەنم لێی دەستیپێکردووە و گەنمیان ناردووە بۆ سایلۆکان، هەریەکە لە پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، میسان، واست، کەربەلا، نەجەف، دیوانیە و موسەنا، یەکەم پارێزگاش کە دروێنەی لێ دەستپێکرد، پارێزگای ئەنبار بوو، بەڵام لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هێشتا دروێنە بەرچاو نییە.

رۆژی هەینی 26.4.2024، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر هێمن سەید موراد بە 964ی راگەیاند، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی هەرێم دوو ملیۆن تا دوو ملیۆن و نیو تۆن گەنم بێت و حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە هەموو گەنمی جوتیاران وەربگرێت.

چۆن چارەسەری نەخۆشیی ژەنگی گەنم و جۆ دەکرێت؟

چۆن چارەسەری نەخۆشیی ژەنگی گەنم و جۆ دەکرێت؟

لە نۆ پارێزگای عێراق پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردو...

لە نۆ پارێزگای عێراق پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە