"20 ملیار دۆلار دیار نەماوە"

ئەو بەندەرەی ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە گومانی گەندەڵی لێدەکرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

پەرلەمانی عێراق لەسەر گومانی گەندەڵیکردن لە بەندەری فاو بە بڕی 20 ملیار دۆلار، 13 ئەندامى خۆی کرد بە لیژنەیەك و بڕیارە لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەو گومانەوە بکەن.

گومانەکە زیاتر، لەسەر گرێبەست و داھات و كارەكانی بەندەری فاوە، كە گومانی گەندەڵی بە بڕی 20 ملیار دۆلار دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.4.2024، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، لیژنەیەك لەسەر گومانی گەورەترین گەندەڵی لە عێراق پێكھێنرا، كە لە 13 ئەندامی پەرلەمان پێكھاتووە و دەستیانكردووە بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر كۆمپانیای گشتی بەندەرەكانی عێراق.

لە نوسراوێكیشدا كە ئیمزای موحسن مەندەلاوی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە وەكالەت لەسەرە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، یاسر ھاشم حوسەینی ئەندامی ئەنجومەنەكە سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیە دەكات.

بەندەری گەورەی فاو ئەو پرۆژەیەی کە بڕیارە ساڵی 2024 تەواو بکرێت، بە دەستبەکاربوونی نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە جیھان دەگۆڕێت و ساڵانە ملیۆنان دۆلار دەخاتە خەزێنەی حکومەتی عێراق.

توانای بەندەری فاو بریتییە لە 99 ملیۆن تۆن کەرەستەی ساڵانە، بەرپرسانى عێراق مەزەندە دەکەن ساڵانە 25 تا 35 ملیار دۆلار، داهات بخاتە خەزێنەى گشتییەوە.

تێچووی پرۆژەی بەندەری فاو نزیکەی 4.6 ملیار یۆرۆیە، درێژیی شەپۆلشکێنەکانی بەندەری فاو زیاتر لە 16 کیلۆمەترە و درێژترینی سەر ئاستی جیهانە، ھەربۆیە ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە.

لە بەندەری فاو بەهای ماسی سەبوور دابەزی

لە بەندەری فاو بەهای ماسی سەبوور دابەزی