تائێستا تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە

حەوت رۆژە لە زێى بچوکدا گەڕان بە دواى گەنجە خنکاوەکەى کەرکوک بەردەوامە

964+

گۆڤەند فەتاح- تەقتەق

حەوت رۆژ لەمەوبەر، گەنجێکى تاقانە کە هیچ خوشک و برایەکى نییە، بە مەبەستى گەشتکردن رووى لە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانى تەقتەق کردبوو، بەڵام کاتێک کچەکەى دەکەوێتە ناو ئاو بۆ رزگارکردنى کچەکەى خۆى دەخاتە ناو ئاوى زێى بچوک، لە رووداوەکەدا کچەکەى رزگارى دەبێت، بەڵام گەنجەکە دەخنکێت.

ئەمڕۆ حەوت رۆژى تەواوە، تیمەکانى بەرگرى شارستانى کۆیە و تیمى غەواس بەدواى تەرمى ئەو گەنجەدا دەگەڕێن، بەڵام بەهۆى بەخوڕى ئاوەکە و لێڵبوونى هیچ سۆراغێک لە تەرمەکە نییە.

بە وتەى عەدنان مەردان کە ئامۆزاى گەنجە خنکاوەکەیە و قسەى بۆ 964 کردووە، خەڵکى تەقتەق و تیمەکانى بەرگرى شارستانى و خۆبەخشان بەردەوام هاوکاریان بوون، بەڵام داوا دەکات رێژەى بەردانەوەى ئاوى بەنداوى دوکان کەمبکەنەوە بۆ ئەوەى بتوانن تەرمەکەى بدۆزنەوە.

لاى خۆیەوە زانا بەکر، ئەندامى تیمى غەواسى لیواى یەکى پاراستنى سلێمانى بە 964ـى وت،”حەوت رۆژە بەردەوامین لەگەڕان، بەڵام بەهۆى ساردى ئاوەکە و لێڵکردنى لەلایەن غەسالەکانەوە نەمانتوانیوە بیدۆزینەوە”.

بە وتەى زانا بەکر، سبەینێ و دووسبەى تەرمەکە دەکەوێتە سەرئاو، بۆیە بڕیارە سبەینێ هەوڵێکى بە کۆمەڵ بدرێت و بە درێژایى نزیکەى 25 کیلۆمەتر چاودێرى ئاوەکە بکرێت بۆ ئەوەى کە کەوتە سەرئاو بدۆزرێتەوە.

ئەو غەواسە دڵنیایى دەدات لە دۆزینەوەى تەرمەکە و دەڵێت: کۆڵنادەین و بە دڵنیاییەوە دەیدۆزینەوە.

داڕشتنەوە: وریا فەتاح

چوار رۆژە تەرمی ئەو گەنجە نەدۆزراوەتەوە کە لە زێی تەقت...

چوار رۆژە تەرمی ئەو گەنجە نەدۆزراوەتەوە کە لە زێی تەقتەقق خنکا