گرفتی دروست کردبوو
كێشەی كارەبای هەشت گوندی قوشتەپە چارەسەر دەكرێت
964+
ئەحمەد شەمزین -هەولێر
کارەبای هەولێر بڕیاریدا بە گوژمەی زیاتر لە 87 ملیۆن دینار، کێشە زۆری پەستان لەسەر فیدەرەکانی کارەبای قوشتەپە چارەسەر بکات و ئەو هەشت گوندەشی بەهۆی کەمی کارەبا گرفتارن چارەسەری کێشەکەیان بکرێ.
گوندەكان بریتین لە، پرینگە، قوشتەپەی گەورە، سێبیرانی عەدۆ، دۆرەزە، دوگردكان، سۆربەشی خدر، قازیخانە و باشتەپە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.4.2024، غەمبار جەمال، بەڕێوەبەری كارەبای قوشتەپە بە 964ی وت، “بڕیاردرا بە بڕی 87 ملیۆن و 479 هەزار دینار، كێشەی زۆری پەستان لەسەر فیدەرەکانی ئەو گوندانە چارەسەر بكرێت كە كارەبای تەواویان پێناگات و رووبەروی گرفت بوونەتەوە”.
بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە بێت، هەڵمەتەكانی چارەسەری بارزۆریی و پەستان لەسەر فیدرەکانی كارەبا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبێت، كە زۆرجار دەبن بە كێشەیەكی گەورە و هۆکار بۆ نەگەیشتنی کارەبا بە گوند و ناوچە دورە دەستەکان.
لە ساڵی 1959 قوشتەپە كرا بە ناحیەیەکى سەر بە پارێزگای هەولێر، و دووری ناحیەکە لە سەنتەری پایتەخت نزیكەی 19 كیلۆمەترە، بەهۆی بەرفراوانی قوشتەپە ژمارەیەكی زۆری گوندی دەكەوێتە سنوری قوشتەپە كە ژمارەیان 58 گوندە و بەسەر 55 كەرتدا دابەشبوون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا