کەسوکاری کچەکە بۆ 964 قسەیان کرد
بەلەمێک لە فەرەنسا ژێر ئاو کەوتووە و هاوڵاتییەکی قەڵادزێ تێیدایە
964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
بەلەمێکی کۆچبەران 112 سەرنشینی هەڵگرتبوو لە ئاوەکانی فەرەنسا ژێر ئاو کەوت، رووداوەکە بووە هۆی گیان لەدەستدانی پێنج کەس، یەکێک لەو کەسانە خەڵکی قەڵادزێیە و ئێستا نازانن تەرمەکەی لە کوێیە.
عەبدوڵا حەمە، کەسوکاری ئەو کەسەیە گیانی لەدەستداوە و بە 964ـی وت، “لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 23.4.2024 کاتژمێر 5:00ـی بەیانی بەلەمەکە زیاتر لە 112 کۆچبەری تێدا بووە، خەریکی ئەوە بوون ماتۆڕی بەلەمەکە هەڵکەن و بڕۆن، رەشپێستەکان لەسەر ئاوەکە بەسەریاندا داون و بەسەر چووپەکەیان کەوتوون، چوپەکەیان رفاندووە و بەوهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەست داوە و کەوتوونەتە ئاوەکەوە”.
وتیشی: لەو پێنج کەسە کچێک بەناوی ژیلان محەمەد، تەمەنی 24 ساڵە و کچی ماڵەوە بووە، ئامۆزایانە و ڤیزای فەرەنسای وەرگرتووە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە سەرکەوتووە چووە بۆ مەدرید لەوێوە چوونەتە فەڕەنسا بە مەبەستی کۆچکردن.
ئاماژەی بەوەش کرد، “قاچاخچیەکانیش لە دوێنێوە قسەیان لەگەڵ نەکردووین، لە هەوڵداین تەرمەکەی بدۆزینەوە و بیهێنینەوە بەڵام تائێستا نازانین لە کام نەخۆشخانەی ئەو وڵاتەیە و زانیاریمان نییە”.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاویکردەوە، ئەو بەلەمەی کۆچبەران لە سێشەممەوە لە کەناڵی ئینگلیزی ژێرئاو کەوتووە، لەناو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، کچێکی کوردی خەڵکی قەڵادزێ هەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی