"گومان هەیە باوکەکە خۆی کوشتبێت"

زانیارییەکى نوێ لەبارەى کۆمەڵکوژى خێزانەکەى بەسرە ئاشکرادەبێت

964+

وریا فەتاح

شەوى رابردوو لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای شەتولعەرەب باوکێک 12 کەسى لە ئەندامانى خێزانەکەی کوشت، سەرەتا پۆلیسى وتى، “ئەو پیاوە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە”، بەڵام ئێستا گومان لەسەر خۆکوشتنى کەسەکە دروست بووە و هاوڕێ نزیکەکەشى دەستگیرکراوە.

تائێستا راپۆرتى کۆتایى و بڕیارى دادگا لە بارەى رووداوەکەوە ئاشکرا نەبووە، 964 زانیارى نوێی سەبارەت بە سەرۆکى خێزانەکە دەستکەوتووە، بەپێى ئەو وێنانەى لە پزیشکى دادى دەرکەوتووە باوکەکە گولـلەیەک بەر پشتى کەوتووە، ئەمەش لاى پۆلیس گومانى لەسەر چیرۆکى خۆکوشتنەکە دروستکردووە.

لە دواى ئەو گومانە، پۆلیس یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانى پیاوەکەى دەستگیر کردووە، چونکە ئەو کەسە پێش ئەنجامدانى کۆمەڵکوژییەکە پەیوەندى پێوە کردووە.

هاوڕێ نزیکەکەى ئەو پیاوە بە پۆلیسى وتووە کە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا هاوڕێکەى پێى وتووە کە خێزانەکەى دەکوژێت و خۆیشى دەکوژێت.

جگە لەوە پۆلیس دەستیگرتووە بەسەر پارە و زێڕى و ئۆتۆمێلى ئەو ماڵەدا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان تا کۆتایى لێکۆڵینەوەکە ئامادەنین زانیارى زیاتر لە بارەى رووداوەکە ئاشکرا بکەن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، کەسوکاری ئەو خێزانە لە بەردەم بەشی پزیشکی دادوەری لە ناوەڕاستی بەسرە کۆبوونەوە، لەوێ تەرمی ئەو خێزانە و باوکەکەیان بەرەو نەجەف گواستەوە بۆ بەخاکسپاردنیان.

شەوى رابردوو دوای تاوانەکە، پۆلسی بەسرە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، کاری خانوبەرەی کردووە و زیاتر لە ملیارێک دینار قەرزار بووە، لەژێر فشاری دەرونی تاوانەکەی ئەنجامداوە.

باوکێک 12 ئەندامی خێزانەکەی کوشت

باوکێک 12 ئەندامی خێزانەکەی کوشت