یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر هونەرمەندان دابەش دەکرێت

شەش هونەرمەندی میللی بەبێ تیروپشک یەکەی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

پڕۆژەی دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر هونەرمەندانی میللی دەست پێدەکات، شەش هونەرمەند شوقەیان پێدەدرێت بێ ئەوەی ناویان بچێتە تیروپشکەوە.
جەزای ساز سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی بە 964 وت، لە ساڵی 2014-ەوە لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ هونەرمەندانی میللی، دوای 10 ساڵ زەوی دابینکراوە.

جەزای ساز باسی لەوەشکرد، لە مانگی داهاتوودا تیروپشک ئەنجام دەدرێت بۆ دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێ بوون بەسەر هونەرمەندانی میللیدا، پڕۆژەکە لە 150 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە و مەرجە ئەو کەسەی بۆی دەردەچێت ئەندامی کۆمەڵەی هەنەری میللی بێت، خاڵبەندی یەکێکە لە مەرجەکانی وەرگرتن و هونەرمەندە گەنجەکان بە تیروپشک دەبێت.

وتیشی، “شەش هونەرمەندی میللی کۆچکردوو هەیە ئەوان بەبێ تیروپشک یەکەی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت و بەشداری تیروپشک ناکەن، بە هەمان شێوە هونەرمەندە دێرینەکانیش تیروپشکیان بۆ ناکرێت”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی