عامودەكان دانراون كێبڵەكان نەگوازراونەتەوە
لەشارباژێڕ عامودێك بارانی زستان خزاندوویەتی و تائێستا چاكنەكراوە
ئەحمەد محەمەد – شارباژێڕ
بەهۆی باو بارانی زستان، عامودێك لە نزیك قەزای چوارتا ماوەیەكی زۆرە لەشوێنی خۆی جێگێر نەماوە و بەتەواوی لار بووەتەوە و دانیشتوانی گوندەكەش دەڵێن، لەزستانەوە بەو شێوەیە و نەگۆڕدراوە.
شوێنەكە بەدیاریكراوی لەپاڵ مزگەوتی گوندی “گۆڕەدێم”ە كە دەكەوێتە نێوان قەزای چوارتا و ناحیەی زەلان، ئاستی لاربوونەوەی عامودەكە بەجۆرێكە بە تەواوی لەشوێنی خۆی رۆچووە و مەترسی كەوتنی هەیە.
وەك دانیشتووانی گوندی گۆڕەدێم باسی دەكەن، ئەم رۆچوونە لە نێوانی وەرزی زستان و بەهار روویداوە و رۆژ دوای رۆژ بەلادا دەكەوێت و زیاتر مەترسی دروست دەكات، ناوچەكەشیان پڕ دار و دەوەنە و ترسی شۆرتی كارەبا و كەوتنەوەی ئاگریان هەیە و داوا دەكەن وەكو عامودەكانیان داناوە هەرچی زووە كێبڵەكان بگوازنەوە.
هەرچەندە دوو عامود لەمسەر و ئەوسەری شەقامەكە وەكو جێگرەوە دانراون، بەڵام ماوەی سێ مانگە بەو شێوازە جێهێڵدراون و تائێستا كێبڵەكان نەگوازراونەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر