ئاسایشی کۆیە رەتیدەکاتەوە

قایمقامی هەولێر: دوای سێ رۆژ نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێگەدراوە لەکۆیەوە غاز بۆ هەولێر بێت

964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە

بەوتەی قایمقامی هەولێر، سێ رۆژ بووە لەبازگەی ئاشتی کۆیە رێگەنەدراوە غاز بێت بۆ هەولێر، بەڵام ئەفسەرێکی ئاسایش لە کۆیە دەڵێت، رێگری لە هیچ بارهەڵگرێکی غاز نەکراوە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە 964ی وت، لە رۆژی یەکشەممەوە، لەبازگەی ئاشتی کۆیە رێگەیان نەداوە، غاز بێت بۆ هەولێر، بەڵام ئەمڕۆ پێش نیوەڕۆ رێگەیان پێدراوە بارهەڵگرەکان غاز بۆ هەولێر بگوازنەوە.

قایمقامی هەولێر ئەوەشی وت، بەهۆی ئەوەی کۆگاکان غازی یەدەگیان هەبووە، بۆیە نەیانهێشتووە قەیرانی غاز دروست بێت.

ئارام یاسین، ئەفسەر لە راگەیاندنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر بۆ 964 دەڵێت: بە بڕیاری قایمقامی کۆیە و یەکە ئیدارییەکانی شاری کۆیە بۆ سەلامەتی هاوڵاتییان و دووربوون لە رووداوی هاتوچۆ بڕیارمان داوە بە قەدەغەکردنی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگای کۆیە بۆ هەولێر و کۆیە بۆ تەقتەق، لە کاتژمێر شەشی بەیانی تاوەکو 12ی شەو، لەو شەش کاتژمێرە دەتوانن بارهەڵگرەکان هاتوچۆ بکەن و رێگەیان پێدەدرێت.

وتیشی، “هیچ بڕیارێک و هەواڵێکی وا نییە کەوا تەنیا بارهەڵگری غازرێگەی لێبگیرێت و نەڕوات بۆ هەولێر، بەڵکو بڕیارەکەی کە دراوە بۆ ئەو چەند کاتژمێرەیە و بۆ هەموو شۆفێرەکانی بارهەڵگر وەک یەک جێبەجێدەکرێت”.

کۆیەش رێگا لە بارهەڵگران دادەخات

کۆیەش رێگا لە بارهەڵگران دادەخات