له دایكبوونى منداڵ له 24.4.2024
پزیشكێك: تاوانه منداڵ بۆ رێککەوتێکی جوان له‌دایكبوونى پێش بخرێت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
دکتۆرێکی دهۆك دەڵێت، ژن هەبووە ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى منداڵه‌كه‌ى له رێککەوتی 24.4.2024 له‌دایكبێت وه‌ك رێكه‌وتێكی جوان، ویستوویه‌تى ژیانی خۆی و منداڵه‌كه‌ى بخاتە مەترسییەوە، به‌ڵام وەک ئەو دکتۆرە دەڵێت، “رێگه‌یان به‌و كاره نه‌داوه”.
د. جەنان نوری حەسەن، پزیشكى ژنان و منداڵبوون لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەتی دهۆک به 964ـى وت، ئه‌مڕۆ چه‌ندین حاڵه‌تى له‌و شێوه‌یه‌یان بۆ هاتووه، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیان كردووه‌ته‌وه كه له‌دایكبونى منداڵ پێش بخه‌ن.
وتیشی “ئاساییه منداڵ له‌كاتى له‌دایكبوونى دوابخرێت، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێشخستنى منداڵ بۆ له‌دایكبوون مه‌ترسی له‌سه‌ر خودى دایك و منداڵه‌كه‌ش دروست ده‌كات و ئه‌مه‌ش وه‌ك تاوانێكه له منداڵه‌كه ده‌كرێت”.
به‌قسه‌ى ئه‌م پزیشكه ئه‌مڕۆ ته‌نیا له نه‌خۆشخانه‌كه‌یاندا نۆ منداڵ له‌و رێککەوتە له‌دایكبوونه و ده‌شڵێت له‌نه‌خۆشخانه تایبه‌ت و حكومییه‌كانى دهۆك پێشبینی ده‌كرێت به‌ده‌یان له‌دایكبووبن.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن