"دەمێک رائیدە و دەمێک عەقید"

هاتوچۆی هەڵەبجە: محەمەد بەکارمەهێنن ئەو نەخۆشی بیرکۆڵی هەیە

964+
ئەحمەد مستەفا

بە دەمانچەیەکی نایلۆن و ریشێکی پڕەوە، جلوبەرگی کارمەندی هاتوچۆی دەپۆشێ و خەڵک دەیبینن، زۆرجار پلەی رائید و هەندێکجاریش پلەی عەقیدی دەبەستێت و رێنوێنی شۆفێران دەکات لە هەڵەبجە، زیاتریش لە ناوچە گەشتیارییەکانی تەوێڵە و بیارە دەردەکەوێ.

ئەو محەمەد کەریمە، هاتوچۆی هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ 964 ناردووە ئەمڕۆ چوارشەممە 24.4.2024 دەڵێت، محەمەد نەخۆشی بیرکۆڵی هەیە، لە جیاتی ئەوەی بە چاوێکی مرۆڤایەتی سەیربکرێت، کەچی بۆ بەکار‌هێنانی لە سۆشیال میدیا وێنە و ڤیدیۆی تۆمار دەکرێ، “ئەمە سەرپێچی یاسایە و لەمەودوا هەرکەس جلوبەرگی کارمەندی هاتوچۆی بۆ دابین بکات و وێنەی بگرێ، سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین”.

پۆلیسی هاتوچۆ لە هەڵەبجە، کۆمەڵێک دەقی یاسایی هێناوەتەوە تا پشتگیر بێت بۆ رێکارەکەی لەوانە، وتوویەتی، “هەرکەسێک بە جلوبەگی سەربازییەوە ڤیدیۆی تۆمار بکات و بڵاوی بکاتەوە یان جلوبەرگی سەربازی بۆ دابینبکات، رووبەڕوی لێپرسینەوەی یاسای دەکرێتەوە و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت بەپێی مادەکانی (226، 260، و 47 بڕگە 3 و 48 بڕگە 1 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ساڵی 1969 ی هەموارکراو).

ماددەی 226 لە یاسای سزادانی عێراقی دەڵێت، “هەر کەسێک بە ئاشکرا سوکایەتی بە یەکێک لە رێگاکانی (ئەنجومەنی گەل یان حکومەت یان دادگاکان یان هێزە چەکدارەکان یان ئەوانیتر لە دەستەکان یان دەسەڵاتدارانی گشتی یان بەرژەوەندییەکان یان فەرمانگەکانی فەرمی و نیمچە فەرمی، ئەوا سزادەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە نابێت لە حەوت ساڵ زیاتر بێت وە بە گرتن یان پێبژرادن”، هەروەها ماددەی 260ی یاساکە تایبەتە بە ساختەکاری و بڵاوکردنەوە کە بەندکردن و پێ بژاردنی تێدایە.

لە دکتۆر راوێژ نەسرەدین، چارەسەرکاری دەروونیمان پرسی بیرکۆڵ چییە؟، ئەو بە 964ی وت، بەپێی پێناسە پزیشکی و دەروونییەکان بیرکۆڵ ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گەشەی خانەکانی مێشکی تەواو نەبووە یاخود وەستانی گەشەی مێشکە لەکاتی لەدایک بوون یان لە سەرەتای ژیانی منداڵی لە ئەنجامی هەر هۆکارێکەوە بێت وە رێژەی زیرەکیان بەپێی پێوەرە دەروونییەکان کە پێوانەی رێژەی زیرەکی دەکات ئەم کەسانە رێژەی زیرەکیان لە 70 کەمترە.

ئەو چارەسەرکارە پێی وایە، “بەهۆی نائاگایی و ناهۆشیارییەوە لە خودی مامەڵە و ژیاری رۆژانەی دەبێت بە ئاگایی و چاودێری وردەوە مامەڵە لەگەڵ کەسانی توشبوو بە نەخۆشی بیرکۆڵ بکرێ، کە جۆر و مامەڵە و بەرکەوتەیان و فێربوون و حەزیان جیاوازە، زۆرجار بۆ پاراستنی خۆی و دەوروبەری باشترە راهێنان یان دەرمانی هێورکەرەوە بەکاربهێنرێ”.

وەکخۆی؛ دەقی راگەیەندراوی پۆلیسی هاتوچۆی هەڵەبجە:

بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی خۆشەویستی پارێزگای هەڵەبجە و دەورو بەری ماوەیەکە کەسێک کە نەخۆشی بیر کۆڵی هەیە بەناوی {محمد مصطفى کریم } لە سۆشیال میدیا بەکار دەهێنرێت و وێنە و ڤیدیۆی بە جل و بەرگی سەربازیەوە تۆمار دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە ،بۆیە ئەم کارە سەرپێچی یاسایە و لەمەودوا هەرکەسێک بە جل و بەگی سەربازیەوە ڤیدیۆی تۆمار بکات و بڵاوی بکاتەوە یان جل و بەرگی سەربازی بۆ دابین بکات ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسای دەکرێتەوە و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت بەپێی مادەکانی (٢٢٦ و ٢٦٠ و ٤٧ بڕگە ٣ و ٤٨ بڕگە ١ لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ساڵی ١٩٦٩ ی هەموار کراو) بۆیە داوا لە هاوڵاتیانی بەڕێز دەکەین خۆیان بەدور بگرن لەوکارە لەڕوی مرۆڤایەتیەوە سەیری ئەو کەسە بکەن ونەبنە هۆکاری بەکارهینانی و عەزیەت دانی لەگەڵ ڕێزدا
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە
۲٤/ ٤/ ۲۰۲٤

دیمەنی بەڵگەنامەکان:

+964صورة من منصة (شبكة):
+964صورة من منصة (شبكة):