زانیارى لەبارەى ئەو فەمانبەرانە کۆدەکرێتەوە کە بەبێ مۆڵەت بڕوانامەیان بەدەستهێناوە

964+

وریا فەتاح

بەپێى نوسراوێکى وەزارەتى دارایى کە واژۆى ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایى لەسەرە و ئاراستەى سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگەکان کراوە، تێیدا داوایان لێدەکات، لە رێگەى باڕکۆدێتەوە بە زوترین کات زانیارى تەواوى ئەو فەرمانبەرانەى بڕوانامەى بەبێ مۆڵەتى خوێندنیان بەدەستهێناوە پڕبکەنەوە.

وەزارەتى دارایى 10.5.2024ـى وەک دوامۆڵەت داناوە بۆ کۆکردنەوەى زانیارییەکان لەسەر ئەو فەرمانەببەرانە و جۆرى بڕوانامەکانیان.

لەسەر ئەو بابەتە، هونەر جەمال، وتەبێژى وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم بە 964ـى وت،”لە نێوان وەزارەتى دارایى و خوێندنى باڵا و پلاندانان، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەى ئەو بڕوانامانەى بەبێ مۆڵەتى خوێندن بەدەستهێنراون، پۆڵێن بکرێن”.

باسى لەوەشکرد، بۆ ئەوەیە بزانرێت چەند کەسن و جۆرى بڕوانامەکانیان چییە.

964، لەسەر ئەو بابەتە قسەى لەگەڵ عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، ویستى بزانێت بۆچى داواى کۆکردنەوەى ئەو زانیاریانە دەکرێن، بەڵام وەک ئەوەى وتەبێژى وەزارەتەکە بۆ 964 باسى کرد، ئەو بابەتە پەیوەندى بە وەزارەتى داراییەوەیە و ئەوان نازانن بۆچییە.

دەقى نوسراوەکەى وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم:

+964صورة من منصة (شبكة):