دەربارەی موچەیە

نوێنەرانی کەمئەندامان دوو خاڵ وەک داواکاری دەدەنە وەزارەتەکەیان


ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی و 14 رێکخراو و کۆمەڵە یاداشتێکی هاوبەش بە دوو خاڵ دەدەنە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و داواکاری سەرەکییان ئەوەیە موچەی کەمئەندامان، هاوتا بکرێت لەگەڵ کەمئەندامانی عێراق.

ئەمە دوو خاڵەکەی ئەوانە؛

یەکەم: هاوتا کردنی هاوکاری و ئیمتیازاتی کەمئەندامی سوودمەندانی هەرێمی کوردستان بە سوودمەندانی حکومەتی عێراق.
دووەم: تۆمارکردنی سەرجەم هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە تا ئێستا تۆمار نەکراون و بەستنی موچەیەکی شایستە بە خۆیان.

ئەم داواکارییانە، لە ئەنجامی کۆبوونەوەی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ چاودێری‌‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سلێمانی‌‌، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەرپرس و نوێنەرانی 14 رێکخراوی بواری خاوەن پێداویستی تایبەت داواکراون.

بێستون جەبار، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ چاودێری و گەشەپێدانی سلێمانی ئەوەی بە 964 وت، “كۆبوونه‌وه‌كه‌یان کاتژمێرێکی خایاندووە و بڕیار دراوە یاداشتێکی دوو خاڵی بۆ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەرز بکرێتەوە و لە رێگەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە یاداشتەکە بدرێتە حکومەتی عێراقی فیدراڵ”.

“ئامانجی‌ ئەم کارە، یه‌كخستنی‌ تواناكانی‌ وەزارەتی کارو رێکخرا و کۆمەڵەکانی کەمئەندامییە بۆ باشتر خزمه‌تكردنی‌ هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت و باشترکردنی سه‌رچاوه‌كانی‌ بژێوی‌ ژیانیان، هەروەک پێویستە هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت موچە و ئیمتیازاتەکانیان هاوتا بکرێت”، بێستون جەبار وای وت.