70 هەزار دینار زیاد کراوە

ئەنجومەنی باڵای رێکخراوەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ موچە چوونە بەغدا

964+

پێشەوا محەمەد

ئەنجومەنی باڵای رێکخراوەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئەم ئێوارەیە گەیشتوونەتە بەغدا و ئەندامێکی ئەنجومەنەکە دەڵێت، دەیانەوێت زیادکردنی موچەی کەمئەندامان هەرێمیش بگرێتەوە.

هەفتەی رابردوو حکومەتی عێراق بڕیاری زیادکردنی 70 هەزار دیناری بۆ سەر موچەی کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دا.

سامان حسێن، ئەندامی ئەنجومەنەکە بە 964ـی راگەیاند، لەو سەردانەدا دیدار و کۆبوونەوە دەکەن تا بگەن بەوەی دڵنیابنەوە لەوەی ئەو زیادکردنە کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

وتیشی، “ئەگەر بەغدا رەزامەندی لەوبارەیەوە بدات و بوودجەکە دابین بکات، لە هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی حکومەت دەتواندرێت ئەو موچەیە بۆ کەمئەندامان ببەسترێت”.

موچەی کەمئەندامانی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 100 بۆ 150 هەزار دیناردایە.

پیشتر ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری هەرێم بە 964ـی راگەیاندبوو، هاوتاکردنی موچەی کەمئەندامانی هەرێم و بەغدا یان زیادکردنی لە لایەن بەغداوە پەیوەندیی بە دانووستانی حکومەتەکانی هەرێم و بەغداوە هەیە.

وتبووشی، “هەر موچەی کەمئەندامان نییە لە بەغدا زیادکرابێت و هەرێمی کوردستانی نەگرتبێتەوە، بەڵکو چەند چین و توێژێکی دیکەی ئاواش هەن”.

یەکێتیی کەمئەندامانی سلێمانی: 40 هەزار کەس بێ موچەن

یەکێتیی کەمئەندامانی سلێمانی: 40 هەزار کەس بێ موچەن