لە حاسڵاتی ئێوارەوە
ئێران سزاباران کراوەو بنکە ئەتۆمییەکانیشی لە ژێر مەترسیدان
964+
ژووری هەواڵ
هێرشە موشەکیەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بێ سزا دەربازی نەبوو، ئەمڕۆ گەنجینەی ئەمریکا سزای خستە سەر 16 کەس و دامەزراوەی ئیرانی کە بەشدار بوون لە بەرهەمهێنانی ئەو درۆنانەی رۆژی 13ی ئەم مانگە ئێران بەکاریهێنان، هاوکات بەریتانیاش سزای بەسەر 13 دامەزراوەی سەربازی و هێزی دەریایی و کەسی پلەباڵانی ئێرانی سەپاند.
بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل دەڵێت، بۆردوومان کردنی بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆی حکومەتی ئسیرائیلە و هەموو سیناریۆیەک چاوەڕوان کراوە و ئەگەری هەیە رووبدات وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی شەممە رابردوو.
بارگرژیەکانی سنووری لوبنان و ئیسرائیل توندتر دەبێت، بەیانی زووی ئەمڕۆ ئیسرائیل بۆردوومانی حزبوڵای کرد و ئەندامێکی پلە باڵای ئەو رێکخراوەی کوشت و ئیسرائیل دەڵێت، بەهۆی بوردوومانەکەی دوێنێی حزبوڵا ژمارەی سەربازە بریندارەکان گەیشتووەتە 19 بریندار.
عەبدولمەلیک حوسی، رابەری حوسییەکانی یەمەن دەڵێت؛ بۆ تۆڵەی غەزە ئێستا 98 کەشتیمان کردوەتە ئامانج و لەماوەی دوو هەفتەش 14 هێرش ئەنجام دراوە.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هیلیکۆپتەرەکەی فرانسیس ئاموندی سەرکردەی سوپای کینیا تێکشکاوە و گیانی لەدەستداوە.