پردی نوێی دەربەند لە رانیە. وێنە :964
راپەڕین
پردە نوێیەکەی دەربەند تەواو بووە و هەفتەی داهاتوو دەکرێتەوە
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
دوا ئامادەکارییەکانی کردنەوەی پردی نوێی دەربەندی رانیە گەیشتە کۆتایی، کە پێکهاتبوو لە هێڵکاری رێگاکە و لەلایەن بەشی ئەندازەی هاتوچۆی بەڕێوەبەرایەتیی راپەڕینەوە تەواوکرا و ئێستا پردەکە ئامادەیە بۆ کردنەوە.
ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی راپەڕین بە 964ـی وت، هەموو کارەکانی پردەکە بەکۆتا گەیشتووە و پردەکە ئامادەیە بۆ کردنەوە، بۆیە بە نیازن لە مەراسیمێکدا بەڕووی هاوڵاتیاندا بیکەنەوە.
سەبارەت بە کاتی کردنەوەی پردە نوێیەکە، ئومێد حەمە عەلی ئاماژەی بەوەکرد، لە هەفتەی داهاتوودا بڕیارە پردەکە لە مەراسیمێکدا بکەینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رۆژەکەمان دیاریی نەکردووە.
پردی نوێی دەربەندی رانیە، لە رۆژی 13.10.2020 بەردی بناغەی دانراوە، پڕۆژەیەکی ستراتیژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کوردستان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ناوچەکانی پشدەر و بیتوێن بە بنگرد و بناری کۆسرەتەوە دەبەستێتەوە و درێژییەکەی 420 مەترە و بەرزی 21 مەتر و پانی 15 مەترە.
گوژمەی پرۆژەکەش بڕی زیاتر لە 11 ملیار دینارە، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەرخانکراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی