وەزیر: خولی کرداری دەکەینەوە

ئەوقاف نیازی وایە بانگبێژەکانی هەرێمی کوردستان دەنگ خۆشتر بکات

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ ژمارەیەک بانگبێژ کۆبوەوە و دەڵێت، وێڕای جەختکردنەوە لە ھەموو پاڵپشتییەک، بە شێوەی کردارەکی خول بۆ بانگبێژان دەکەینەوە.

پێشتر 964 هۆکاری ئەوەی ئاشکراکرد، کە بۆچی بە دەنگی ناخۆش لە بەشێک لە مزگەوتەکان بانگ دەدرێ، ئەمڕۆ وەزیر ژمارەیەک قورئان خوێن، و دەنگخۆشانی شاری ھەولێری بینیوە لە پێگەگەی خۆی نوسیویەتی، ئامانجی سەرەکی ئێمە پەرەپێدانی زیاتری توانا دەنگییەکانی بانگبێژانە لەڕێگەی پسپۆڕانی ئەکادیمی بواری زانستی دەنگ و راھێنان.

پێنج فەرزە لە هەرێمی کوردستان و لە مزگەوتەکانەوە دەنگی ئەڵاهوئەکبەر شار پڕ دەکات، هەندێ لە بانگخوێنەکان بە دەنگ و ئاوازێکی خۆش بانگی خەڵک دەکەن بۆ نوێژ و زیکر و تاعەت، بەڵام هەندێکی تریان دەنگیان ناسازە.

لەو بە دواداچوونەی 964 کردبووی، دکتۆر عیرفان رەشید مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانە لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت، ئێمەش ئاگاداری ئەو نەنگیەین و بەدوای چارەسەرێک دەگەڕێین.

دکتۆر کۆچەر عومەر بانگخوازی نێودەوڵەتییە و شارەزاییەکی زۆری هەیە و ماوەیەکی زۆریشە خولی ئەکادیمی دەکاتەوە بۆ شێوازە دروستەکەی بانگدان، ئەو بەروونی جیاوازی نێوان دەنگی خۆش و ناخۆش بۆ بانگدان شیدەکاتەوەو بە پراکتیک شێوازە دروستەکەی بانگدان باس دەکات.

لە وڵاتانی دەرودراوسێ ئەو مەقامانە یەکلایی کراونەتەوە کە بانگیان پێ دەخوێندرێت، گۆران کامیل یەکێکە لە دیارترین موزیکژەنەکانی کوردو ساڵانێکی زۆرە لە بواری موزیکی رۆژهەڵاتیدا کار دەکات، ئەو باس لە گرنگ خوێندنی دەنگە موزیکیەکان دەکات لەلایەن بانگ بێژانەوە.

دیمەنی کۆبوونەوەی وەزیری ئەوقاف و ژمارەیەک بانگبێژ؛