کێڵگەیەکی گەنم لە کاتی دروێنە کردنیدا. وینە 964
جاڕەکان مەکێڵن جارێ
قایمقامییەتی کەلار جوتیاران ئاگادار دەکاتەوە
964+
بەهرە محەمەدئەمین
بەهۆی سکاڵای ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵدارانی سنوری گەرمیان، قایمقامییەتی کەلار داوا لە جوتیاران دەکات جاڕەکانیان نەکێڵنەوە.
مەردار و ئاژەڵداران لە هەموو گوندەکانی دەوروبەری کەلار سکاڵایان بردووەتە لای کشتوکاڵ و ئیدارەی ناوچەکە بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ دیاردەیەک پەیدا بووە و جوتیاران راستەوخۆ دوای تەواو بوونی دروێنەی دەڕاسە، جاڕەکان دەکێڵن و لەوەڕی ئاژەڵیان نەهێشتووە.
ئەمساڵ بەهۆی بارانەکانی ئەم دواییەوە زەویی هێشتا نەرمە و بۆ کێڵان گونجاوە، ساڵانی دیکە ئەم دیاردەیە نەبووە.
شەھاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار بە 964ی وت، ئەم کارە زیان بە سامانی ئاژەڵ دەگەیەنێت بۆیە لە رێگای ئەنجومەنەکانەوە داوامان کردووە جوتیاران لانی کەم تا 15 رۆژ دوای دروێنە، جاڕەکان نەکێڵن، تاوەکو ئاژەڵداران زیانمەند نەبن.
وتیشی،” لە رێگەی موختاری گوندەکانەوە کە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامییەتدا هەیە رێگری لەم دیاردەیە دەکەین”.
بەقسەی قایمقامی کەلار ئەگەر جوتیاران سەرپێچی بکەن و پێویست بکات وەک ئیدارەی ناوچەکە دوور نیە پێشنیاری گرتنی سەرپێچیکاران بکەن.