20 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە

دووسایدی دەروازەی شاری هەڵەبجە سەوز دەکرێت

پێشەەوا محەمەد

ناوەندی دووسایدی دەروازەی شاری هەڵەبجە سەوز دەکرێت و فەرمانگەی ژینگەی شارەکە دەڵێت، کۆمپانیایەک بە پڕۆژەی لەبری سەوزکردن ئەنجامی دەدات.

پڕۆژەکە 20 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و ئەو کۆمپانیایەی دووسایدەکەی دروستکردووە سەوزکردنەکە دەکات.

سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، پڕۆژەکە جگە لە سەوزکردن پاراستن و ئاودانیشی لەسەر ئەرکی کۆمپانیاکە دەبێت.

وتیشی، “بە سەوزکردنی ئەو شەقامە دەروازەی شاری هەڵەبجە و ئەو دووساییدە وێنەیەکی جوان بە شاری هەڵەبجە و گەشتیاران دەبەخشێت و رێژەی سەوزایی شارەکەش زیاد دەکات”.

پڕۆژەی لەبری سەوزکردن بە پێی رێنماییەکانی دەستەی ژینگە بەو پڕۆژانە ئەنجام دەدرێت، کە رێژەی 25%ـی سەوزایی لە پڕۆژەکانیاندا ئەنجام نادەن و لە دەرەوەی پڕۆژەکەیان رێژەی تەواوکارییان پێ سەوز دەکرێت.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستا زیاتر لە سێ پڕۆژەی لەبری سەوزکردنیان بە کۆمپانیاکان جێبەجێ کردووە.