ئەمە چۆن کرا؟

مامۆستایانی ناڕازی: سزای لێبڕینی مووچە بەهۆی غیاباتەوە هەڵدەوەشێنەوە


ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا “بڕیاری داوە سزای غیاباتی مامۆستایان بسڕێتەوە و هەژماریان نەکات”، کە کۆی سزادانی ئەو مامۆستایانە زیاتر لە سێ هەزار کەس دەبن.

ئەنجومەنەکە دەیگێڕێتەوە،”دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەسەڵاتدارانی سنوری دەڤەری هەڵوێست (پەروەردەی سلێمانی) بڕیاریاندا بەزۆر و فشار و سزا بایکۆت بە مامۆستایان بشکێنن، بۆ ئەو مەبەستەش لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا بە غیابدان سزادران، بۆ سڕینەوەی سزاکان بەزوویی چەند هەنگاوێکی کرداریمان گرتەبەر”.

ئەو مامۆستایانە تیمی پارێزەرانی خۆبەخشیان پێكهێناوە بۆ داکۆکی “لە مامۆستایانی سزادراو”، هەروەک تیمی پارەزاران سەرەڕای وەرگرتنی سکاڵای مامۆستایانی سزادراو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیان کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانیان کردووە.

ئەوەش دەڵێن، شاندێكی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەردانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و پەروەردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانیان کرد بۆ سڕینەوەی سزاکان، لەگەڵ رێکخراوی CPT ئەمریکی تایبەت بە دەستگیرکراوان و سزادراوان کۆبونەوەو لەسەر داوای ئەنجومەن رێکخراوی ناوبراو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانیان کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانیان کرد.

ئەنجومەنەکە بڕیارەکە وەک مژدانە رادەگەیەنێت و دەڵێت، “سوپاس بۆ خوای گەورە دوای ئەم هەوڵانەی ئەنجومەن و دڵسۆزان بەرهەمی هەوڵەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا دەرکەوتن و بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا بڕیاری داوە، سزای غیاباتی مامۆستایان بسڕێتەوە و هەژماریان نەکات”.

964، چەند جارێک پەیوەندی بە بەناز رەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو، بە گوێرەی ئەو نوسراوەی دەستکەوتووە، ئەو بەڕێوەبەرە هەڵوەشانەوەی بۆ دابڕانی مووچەی 52 مامۆستای سنوری پەروەردەکەی کردووە، کە بەهۆی بایکۆتەوە رێکاریان لەبەرانبەر ئەنجامدرابوو.

سزادانەکان چی بوون؟

لە بەرامبەر ئامادەنەبوونی، مامۆستاکان لە وانەکاندا، بە نەهاتوو رۆژانی دەوامیان بۆ هەژماردەکرێ و ئەو رۆژانەش بۆ ماوەی خزمەتیان لە کەرتی گشتی هەژمار ناکرێت.

داواکارییە سەرەکییەکان چی بوون؟

پێدانی مووچە 30ی رۆژ جارێک.
پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە.
دامەزراندنی وانەبێژان.