دیمەنی یەکێکە لە گیا بەهارییەکان _ وێنە: 964
سێ پڕۆژە هاوبەشی دەکەن
کەمپینی دژ بە هەڵکێشانی گیا بەهارییەکان لە رەگەوە رادەگەیەنرێ
ئەحمەد مستەفا
پاش هۆشدارییەکانی رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە، لە کەمبوونەوە و نەمانی گیا بەهارییەکان، بڕیاریان وایە “لە دژی بەردەوامی ئەوشێوازەی ئێستا لە هەڵکێشانی گیا بەهارییەکان بەڕەگەوە و بەتایبەت گیای ناوچە کوێستانییەکان ئەنجامدەدرێ کەمپین رابگەیەنن”.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی هاوبەشی پڕۆژەکانی (پڕۆژەی پێنجوێن شاری فێربوون)، (رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە) و (گروپی نەمام) بێت کە بۆ 964 نێردراوە، پێکەوە کەمپینێکی هۆشیاری و پاراستنی گیا بەهارییەکان دەستپێدەکەن، تا خەڵک هۆکار نەبن بۆ لەناوچوون و لەناوبردنی.
بە قسەی رێبوار محەمەد، یەکێک لە هەڵسوڕێنەرانی کارەکانی کەمپینەکە بێت بۆ 964، هەڵنەکەندنی گیا بەهارییەکان لە رەگەوە و بڕینی قەدەکانیان و هێشتنەوەی رەگەکانیان لە خاکدا بەمەبەستی دووبارە روانەوەیان لە ساڵانی ئایندەدا، تاکە ئامانج و هۆی سەرەکی کارەکەیان دەبێت.
پێشتر، بەختیار عەلی، ئەندامی رێکخراوی ملەکەوە بە 964ی وت، گیا کوێستانییەکانی پێنجوێن مەترسی لەسەرە و دەبێت هاوڵاتیان ئاگاداربکرێنەوە و بیپارێزن ئەگەر نا لە ناو دەچن و نامێنن.
باسی لهوهشكرد، ئەگەر حکومەت بتوانێت بازگەیەک دابنێت ئەوا رێکارێکی زۆر باش دەبێت بۆ پاراستنیان، چونکە لەو رێگایەوە رێگری لە هاوڵاتیان دەکرێت بێل ببەنە ناوچە کوێستانییەکان و گیا بەهارییەکانیش هەڵبکەنن بە رەگ و سەلکەوە.