رێکخراوێک بە 50 هەزار بتڵ خوێن ژیانی بە هەزاران کەس بەخشیووەتەوە

964+

ئاسۆ وەرتی – سۆران

رێکخراوی بەخشین کە یادی هەشت ساڵەی دەکاتەوە، لەو ماوەیە 50 هەزار بتڵ خوێنی بەخشیووەو ژیانی بە هەزارانی کەس بەخشیوەتەوە.

رێکخراوەکە دوێنێ شەممە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە، ئۆفیسیشی لە 23 شارو شارۆچکەی کوردستان هەیە.

لەگەڵ ئەوەی تاکە رێکخراوی خوێن بەخشین نین لە کوردستان، هاوکات بەخشینی خوێنیش لە کوردستان لە دوای راپەڕینەوە بووەتە بەشێک لە کولتووری کوردەواری و چەندان کۆمەڵە و رێکخراو هەن، بەڵام ئەو رێکخراوەش بە بەخشینی 50 هەزار بتڵ، زەردەخەنی گەڕاندۆتەوە سەر لێوی هەزاران نەخۆش کە مەترسی مردنیان لەسەر هەبووە.

سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێ: کارەکان فراوانتر دەکەین.

هونەر عەبدولواحید، سەرۆکی رێکخراوی بەخشینی خوێن و ژیان بە 964+ـی راگەیاند: رێکخراوەکەمان خۆبەخشییە و لە رێگەی 120 کارمەندەوە سەرپەرشتیی دەکرێت.

دەشڵێت: لە هەشت ساڵدا لە رێگەی رێکخراوەکەیانەوە 50 هەزار بتڵ خوێن بەخشراوە و 208 هەڵمەتی خوێنبەخشینیان بەڕێوە بردووە.

وەک سەرۆکی رێکخراوەکە روونی دەکاتەوە، دەیانەوێت بەردەوام بن و بۆ ساڵی 2023 پلانی زیادکردنی چالاکییەکان و خزمەتکردنی زیاتریان هەیە.