بەرتیلی بە بەرپرسانی حکومی داوە

خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای عەقارات سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا

ژووری هەواڵ

دادگای شاری هۆچی منەی خوارووی ڤێتنام سزای لەسێدارەدانی سەپاند بەسەر ژنە سەرمایەداری ئەو وڵاتە (ترۆنگ مای لان) بە تۆمەتی ساختەچێتی و بەرتیلدان و بەهەدەردانی پارەی خەڵک.

مای لان، خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای عەقاراتی ئەو وڵاتەیە و تەمەنی 67 ساڵە، تۆمەتبارە بەوەی بە بڕی 12.5 ملیار دۆلار فێڵ و ساختەچێتی کردووە، بۆ ئەوەی کارەکەشی سەربگرێت بەرتیلی زۆری داوە بە بەرپرسانی حکومی.

لە تۆمەتەکاندا ئەوەش هاتووە کە ئەم ژنە هەزاران کۆمپانیای خەیاڵی دروست کردووە و دەستی گرتووە بەسەر بانکێکدا و بانکەکەشی بەکارهێناوە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانە داراییەکانی، بە جۆرێک لە ماوەی 11 ساڵدا پارەی لە بانکەکە بردووە و بڕی 44 ملیار دۆلاری قەرزکردووە و ئێستا دادگا پابەندی کردووە بەوەی 27 ملیار دۆلار بگەڕێنێتەوە، هەرچەندە بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێیان وایە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە ئەستەمە.

لەناو ئەم دۆسیەیەدا 85 کەسی دیکەش دەستگیرکراون، دیارترینیان بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ئەو وڵاتەیە، کە دەرکەوتووە زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار بەرتیلی وەرگرتووە، بەو هۆیەوە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

حکومەتە شیوعییەکەی ئەو وڵاتە ماوەیەکی زۆرە بە نهێنی ئەم دۆسیەیەی هێشتووەتەوە، ئێستا دەڵێت 2700 کەس وەک شایەت بەشداربوون لە دادگایەکەدا، لەگەڵ 10 داواکاری گشتی و 200 پارێزەر.