بەبۆنەی جەژنەوەیە
هاتنی گەشتیارانی عەرەب بۆ سلێمانی زیادی كردووە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە هاتنی گەشتیارانی عەرەب زیادی كردووە، تا ئەمڕۆ نزیكەی 50 هەزار گەشتیاری تێپەڕاندوە.
ئارام رەحیم، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964ـی وت. “رێژەی هاتنی گەشتیارانی عەرەب بۆ شاری سلێمانی بۆ جەژنی رەمەزان لەچاو پارساڵ زیادی كردوە و نزیكەی 50 هەزار گەشتیاری تێپەڕاندووە ” .
باسی لەوەش كرد، “پارساڵ نزیكەی 30 هەزار گەشتیار بۆ جەژنی رەمەزان سەردانی شاری سلێمانی كردبوو، بەراورد بەپارساڵ نزیك دەبێتەوە لە دوو ئەوەندە ” .
ئەوەشی خستەڕوو، لە سەدا 90ی گەشتیاران عەرەبن و لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون، لە سەدا 10ی گەشتیارانیش لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتوون، زۆربەی گەشتیاران لە دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان و بازگەی تاسڵوجە – سلێمانی و بەشێكی كەمیشیان لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە روویانكردوەتە شارەکە.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران