دوکاندارەکانی سلێمانی دەیانەوێت بە 12قیست قەرزی کارەبا بدەنەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
خاوەن دوکانەکانی ناو بازاڕی سلێمانی داوا دەکەن قەرزی کارەبایان بۆ بکرێت بە قیست، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای شارەکەش دەڵێ: تا ئێستا بڕیارێکی لەو شێوەیە نییە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی کۆتایی هەفتەی رابردوو رایگەیاند: ئەو دوکانانەی قەرزی کارەبایان لایە و نەیانگەڕاندووەتەوە، ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەکدا قەرزەکانیان نەدەنەوە کارەباکەیان دەبڕدرێت.
سەلام حەمەڕەشید، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەران لە شاری سلێمانی بە 964+ـی وت، یاداشتێکمان نووسیوە و تیایدا داوامان کردووە ئەوانەی 12ملیۆن قەرزارن بۆیان بکرێت بە 12 قیست.
964+ لە کۆمەڵەی پیشەوەرانی سلێمانییەوە دەزانێت، بڕیارە سبەی دووشەممە پیشەوەران یاداشتەکەیان ئاراستەی هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی، ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی بکەن.
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە 964+ـی وت: بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ئەوەیە قەرزی کارەبا، کە لای پیشەوەران و دوکاندارەکانە بە دوو قیست بگەڕێندرێتەوە، بەڵام ئەوانەی هاتوون بۆ بەڕێوەبەرایەتی بۆیان کراوە بە سێ قیست.
“هیچ بڕیارێکی نوێ نییە بۆ درێژکردنەوەی قیستەکان و تا ئێستاش هیچ یاداشتێکی پیشەوەر و دوکاندارەکانمان بە دەست نەگەیشتووە لەوبارەیەوە”، سیروان محەمەد وای وت.