چاندنی گوڵەکان لەناو بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی هەڵشۆ - وێنە: شارەوانییەکانی راپەڕین
پێویستیان بە سەوزاییە
شارەوانیی هەڵشۆ باخچە و پارکەکانی بە گوڵ دەڕازێنێتەوە
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی هەڵشۆ لە پلانیدایە باخچە و پارکەکانی بە گوڵ بڕازێنێتەوە، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، چاوەڕوانن باخچە و پارکەکانیان بۆ سەوز بکرێت.
لەناو هەڵشۆ دوو باخچە و دوو پارک هەن، بەڵام پێویستیان بە سەوزکردنە و بەڕێوەبەرایەتییەکە دەرخستەی بۆ کردوون و چاوەڕوانی رەزامەندین.
عەبدولڕەحمان حەسەن، بەڕێوەبەری باخچەکانی هەڵشۆ بە 964ـی راگەیاند، پارک و باخچەکانیان پێویستیان بە سەوزکردنە و تا ئێستا وەک زەوی ماونەتەوە.
وتیشی، “ئێمە لە پلانماندایە دوای جەژن ژمارەیەک گوڵی رەنگاوڕەنگیان تێدا بچێنین و دواتریش ئەگەر رەزامەندییەکەیان هاتەوە سەرجەمیان سەوز دەکەین”.
شارەوانیی هەڵشۆ ناو فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەو جۆرە گوڵانە رازاندووەتەوە و ئەوەش دەستپێکی پلانی چاندنی گوڵەکانە.
“سەوزکردنی ئەو پارک و باخچانە بۆ ناو هەڵشۆ گرنگە و هاوڵاتیان دەتوانن سوودی لێ ببینن و کاتەکانیانی تێدا بەسەربەرن”، عەبدولڕەحمان حەسەن وای وت.
هەڵشۆ سەر بە قەزای پشدەرە لە ئیدارەی راپەڕین و 800 ماڵ تێیدا نیشتەجێن.