لە ماوەی یەک هەفتە دوو موچە دراوە
خانەنشینان موچەی دووەم وەردەگرن و هەندێکیان دڵخۆشن
دیلان محەمەد – سلێمانی
ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی دابەشکردنی موچەی مانگی ئاداردا موچەی خانەنشینان دابەشکرا و خانەنشینان بە پەلە و بە خۆشحاڵیەوە چوونەتە نۆرەی وەرگرتنی موچەکانیانەوە.
خانەنشینان بەردەم یەکێک لە بانکەکانی سلێمانیان قەرەباڵغ کردووە و ریزێکی دوورو درێژی نۆرەیان بەستووە و بۆ ئەوەی موچەی مانگی سێ وەربگرن.
ئەمە دووەم موچەیە حکومەت دابەشی دەکات لە ماوەی یەک هەفتەدا پاش دابەشنەکردنی موچە بۆ زیاتر لە 50 رۆژ.
دوو لە خانەنشینان کە بۆ مایکی 964 قسەیان کردووە و خۆشحاڵ و شوکرانەبژێرن و دەڵێن جەژنەکەمان بوە بە چەن جەژنێک، هەریەکەشیان بە جۆرێک پلانیان دارشتووە بۆ خەرج کردنی موچەکانیان.
خانەنشینێکیان ناوی فەرەیدون وەلیە و دەڵێت، موچەیەکیان ئەدەینەوە بە قەرز و ئەوی تریش ئەکەین بە خەرجی ئەم جەژنە.
خانەنشینێکی تر بە ناوی میران حەمە کە پیاوێکی بەتەمەنە و لە گوندەوە هاتووە دەڵێت، ئەم جارە تۆڵەیان بۆ کردینەوە بە دابەشکردنی دوو موچە بەسەریەکەوە، وتیشی من خەڵکی لادێم و دۆخم باشترە لە بەشێکی خەڵکی چونکە کرێ خانوو نادەم.
پێداچونەوە: بەهرە محەمەدئەمین