زانیاری نوێ لەبارەی کوژرانی ژنەکەی هەولێر

برای تیکتۆکچییەک بکوژەکەیە

+964

ژووری هەواڵ

عادل کانەبی
ئاسایشی هەولێر دوێنێ هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند کە دوێنێ لە نزیک شوقەکانی پارک ڤیو ژنەکەی خۆی کوشت، 964 زانیاری نوێی لەوبارەیەوە دەستکەوتووە
لە راگەیەندراوەکەی دوێنێی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە: ”تۆمەتبار (ج ، م،س) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەڵساوە بە کوشتنی هاوسەرەکەی لەنزیک شوقەکانی پارک ڤیو لەشاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بەفەرمانی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرمان کرد”.
سەرچاوەیەک کە لەنزیکەوە ئاگاداری رووداوەکەیە بە 964ی وت ”کێشەی نێوان ژن و پیاوەکە لەسەر دەمەقاڵێیەکی ئاسایی بووە، کابرا دەمانچەی دەرهێناوەو لەسەر شەقامە گشتییەکە ژنەکەی خۆی کوشتووە”.
رووداوەکە لەسەر شەقامە سەرەکییەکەی نێوان پرۆژەی پارک ڤیوو دریم سیتی روویدا کە یەکێکە لە شەقامە سەرەکی و قەرەباڵغەکانی هەولێر.
لە هەندێ شوێن وا بڵاوبووەوە کە ژنە کوژراوەکە عەرەبە، بەڵام ئەمە وانییە و کوردە.
964 ئەوەی زانیوە بکوژەکە برای یەکێک لە تیکتۆکچییە دیارەکانی هەولێرە.
موقەدەم ئەردەڵان وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە 964 وت: ”ئەو کەسەی کە کوشتوویەتی خێزانی خۆی بووە و بە رەچەڵەک کوردە، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبووە، بەڵام ئەوەی هەیە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە،  کێشەکە ناپەکی هاوسەرگیری نەبووە”.
موقەدەم ئەردەڵان وتیشی ”ئەو چەکەی کە تاوانەکەی پێ کردووە دەمانچە بووە و هی خۆی بووە، بەڵام نازانین جارێ کە مۆڵەتی هەبوە یان نا، بکوژەکە خۆی رادەستی ئاسایش نەکردووە و لە کاتی هەڵاتن تیمەکان دەستگیریان کردووە.