کام کتێب گۆڕانی بەسەر دێت؟

بۆ ساڵی نوێ 19 کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندن دەگۆڕێن

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 گۆڕانکاریی لە 19 کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندن بخاتە بەردەستی قوتابیان لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی.

حەسەن سەرتیپ بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت: بۆ ساڵی نوێی خوێندن 19 کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندن گۆڕانکاریان لێ بەسەر دێت زۆربەیان دوو وەرزن، هاوکات هەشت رێبەریش لە چاپدراون.

بەشێک لەو کتێبانەی ئەمساڵ گۆڕانیان لێ بەسەر دێت ئەمانەن:

بیرکاری پۆلی یەک

کوردی پۆلی دووەم

کوردی پۆلی چوارەم

کوردی پۆلی هەشت

زانستی پۆلی سێ و چوار

هونەری پۆلی یەک و دوو و سێ

وەرزشی پۆلەکانی حەوت و هەشت و نۆ

ئابوری پۆلی 10 و 11 و 12

جوگرافی پۆلی 10 و 11

مێژووی پۆلی 12

دەرونزانی پۆلی هەشت و 10

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی پرۆگرامەکان بێت، سەرجەمی ئەو کتێبانە گۆڕینی بنەڕەتی بۆکراوە، لیژنەی باڵای پڕۆگرامەکان کاری لەسەر کردووە و سەرجەم پارێزگاکان بەشداربوونە لەداڕشتنی.

“وەزارەتی پەروەردە لەساڵانی 2008 و 2009 گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی لوبنانی کرا و پرۆگرامی زانست و بیرکاریان گۆڕی، بەڵام پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو، پارەیەکی زۆر لە هەرێم رۆیی و نەتوانرا بگەینە ئامانجێکی دیاریکراو، بەڵام لەم کابینەیە %60ی پرۆگرامەکان گۆڕانیان لێ کراوە” حەسەن سەرتیپ وای وت.

ئەوەشی وت، “پەیمانگەی پیشەیی پێنج ساڵەمان دروستکردووە ئەمساڵ 45 کتێبی بۆ دروست دەکرێت بەزمانی ئینگلیزی، ئەمساڵ لەمانگی حەوت تەواو دەبێت”.