25 کیلۆمەتر دەبێ
چاڵ و چۆڵیەکانی رێگای دوکان بۆ ئیدارەی راپەرین پڕدەکرێنەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
ماوەیەکی زۆرە شۆفێرانی رێگای خەلەکان – دوکان هەروەها خەلەکان – ئیدارەی راپەڕین گرفتاری دەستی تێکچوونی ئەو رێگاسەرەکیەن، شەقامە پڕ لە چاڵ و چۆڵەکەی دوکان – ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 25 کیلۆمەتر دەبێت، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی چەند پارێزگو ئیدارەی سەربەخۆی بەسەرەوەیە.
لەماوەکانی رابردوو بەهۆی خراپی رێگاکە و یەک ئاراستەیی چەند رووداوێکی هاتوچۆ رویداوە، ئەوەش بەردەوام نیگەرانی شۆفێرانی لێدەکەوێتەوە.
کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان بۆ 964 وتی، “چەندینجار نوسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی کردووە بۆ چاکردنەوەی شەقامەکە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی هاتن بەدەم داواکاریەکەمانەوە بۆ چاکردنی رێگاکە و دەستیان بەکارکردن کردووە”.
بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان، هۆکاری تێکچوونی شەقامەکە، هاتوچۆی ئەو هەموو بارهەڵگرەیە کە رۆژانە بەو رێگایەدا هاتوچۆ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەوڵی ئەوەداین پڕۆژەی دووسایدی رێگای دوکان – چوارقوڕنە کارەکانی دەست پێبکاتەوە لەئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی کارەکانی وەستاوە، بۆکەم کردنەوەی قەرەباڵغی بارهەڵگرەکانیش لەسەنتەری ناحیەی خەلەکان رەزامەندیمان وەرگرتووە بە بڕی یەک ملیار و 100 ملیۆن دینار شەقامێکی دوو کیلۆمەتری لە پشتی سەنتەری ناحیەکە دروست بکرێت و تایبەت دەبێت بە هاتوچۆی بارهەڵگرەکان.
پڕۆژەی رێگای دووسایدی دوکان – چوارقورنە ماوەی 10 ساڵە بەردی بناغەی دانراوە، بەشێکی کارەکانی کراوە، بەڵام تائێستا کۆی گشتی پڕۆژەکە تەواو نەکراوە.
پێداچوونەوە: تونا نەقی