مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان بڕوانامەی داهێنان وەردەگرێت
964+
هونەر فارس – گەرمیان
مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان بەهۆی توێژینەوەیەکەوە خەڵاتی داهێنان لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق وەردەگرێت.
سروە هاشم، مامۆستای بەشی کیمیا لە زانکۆی گەرمیان کە داهێنانەکەی کردووە سەبارەت بە جیاکردنەوەی ئاوە لە رەنگ و هەر پیسییەک کە تێکەڵی بووبێت.
توێژینەوەیەک بە ناونیشانی (Increasing the efficiency of the dye-sensitized solar cell using new photo-synthesized Nanocomposites) ئەنجام دراوە و بڕوانامەکەی لەسەر وەرگیراوە.
سروە هاشم بە 964+ـی راگەیاند: لەم ساڵانەی دواییدا تەکنیکى نانۆ تەکنەلجیا بووەتە چارەسەرێکی نموونەیى بۆ رزگاربوون لە پیسبوون بە شێوەیەکى گشتی و پیسبوونی ئاو بە شێوەیەکى تایبەت.
نانۆ تەکنۆلۆجی زانستێکی سەردەمییە، کار لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی قەبارەی ماددە دەکات، بە جۆرێک قەبارەی ماددە بچووک دەکاتەوە کە بە چاو نەبینرێت.
هەروەها ناسینەوەی ئەم نانۆ ماددەیە و پێوانی تیرەکانی بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی: وردبینیی ئەلکترۆنی (TEM)، وردبینیی ئەلکترۆنیی سکانەر (FE-SEM)، سپێکترۆمێتری فۆتۆلۆمینەسەنس (PL) و تیشکی ئێکس (XRD).
بە وتەی سروە هاشم، مەرجی بەدەستهێنانی بڕوانامەکە داهێنانی نوێ و بەسوودە و مەرجە ئەو داهێنانەی دەیکەیت پێشتر نەکرابێت و سوود بە کۆمەڵگا بگەیەنێت.
“بڕوانامەکە بۆ زانکۆی گەرمیان گرنگیی زۆر هەیە و هەوڵێکیشە بۆ ئەوەی من بەردەوام بم لە توێژینەوە و داهێنانی دیکە”، مامۆستاکەی بەشی کیمیای زانکۆی گەرمیان وای وت.