کێشەى تەبریدیان هەیە
نزیکبوونەوە لە گەرماوە وەرشەکانی چاکردنی ئۆتۆمبێلى قەرەباڵغ کردووە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هاتنى وەرزى گەرما، شۆفێران پەیتا پەیتا روولە وەرشەکانی چاکردنی ساردکەرەوەی ئۆتۆمبێل (تەبرید) دەکەن.
سەروان مەحمود، وەستای چاکردنەوەى ساردکەرەوەى ئۆتۆمبێلە و بە 964ـى وت،”چەند رۆژێکە کەشووهەوا گەرم بووە و پەیتا پەیتا شۆفێران سەردانی وەرشەکانی چاکردنی ساردکەرەوەی ئۆتۆمبێل دەکەن، بۆ ئەوەی ساردکەرەوەکانیان چاک بکەن”.
باسی لەوەکرد، بەهۆی سەرمای زستانەوە زۆرێک لە ئۆتۆمبێل کێشە لە سیستمی ساردکەرەوەکانیان دروست دەبێت، کاتێک گەرما دەست پێدەکات دەبێت چاکی بکەنەوە.
بە وتەى ئەو وەستایە، کێشەکان زیاتر لە ئۆتۆمبێلە ئەمریکیەکاندا دروست دەبن، هەریەک لە فرێزەر و رادێتەری ناوەوە و کۆمپرێسەر و واشەر و چەند پارچەیەکی دیکە کێشەیان بۆ دروست دەبێت.
کامەران محەمەد، یەکێکە لەو شۆفێرانەى کە کێشە لە تەبریدى ئۆتۆمبێلەکەى دروستبووە و لاى وەستا سەرقاڵى چاککردنییەتى، بە 964،ى وت،”غازى تەبریدەکەم کەمى کردووە و کێشەم هەیە و ناتوانم ساردکەرەوە داگیرسێنم، هاتووم پێش ئەوەى گەرما بێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەم”.
سەعید رەحمان،لە شارى سلێمانى شۆفێری تاکسییە، ئەو باسى لەوەکرد، دوو ڕۆژە سەرنشین کاتێک سەردەکەون لەگەڵیدا داوای هەوای ساردی لێدەکەن و ئەمڕۆ هاتووە تا چاکی بکاتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح