964+
چواریان کوردن
مانگی رابردوو 18 هاوڵاتی لە ئێران لەسێدارە دراون
964+
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی مانگی سێی ئەمساڵدا لە وڵاتی ئێران 18 هاوڵاتی لەسێدارە دراون و بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چوار لەو هاوڵاتیانە کورد بوون.
رێکخراوەکە کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بڵاویکردووەتەوە، لەسێدارەدان لە مانگی سێدا بەراورد بە مانگی دوو 80% زیادی کردووە.
زانیاریی رێکخراوەکە ئاشکرای دەکات، ئەوانەی لەسێدارە دراون بەندکراوی بە رەگەز تورک، کورد، بەلووچ و ئەفغانی بوون.
“زۆرترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە بەندیخانەی پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات بووە، لە هەریەک لە پارێزگاکانی ئیلام، ئورمییە ئەلبۆرز، فارس، ئیسفەهان و زەنجانیش لەسێدارەن ئەنجام دراوە”، رێکخراوی هەنگاو وا دەڵێت.
ئاماژە بەوەش دراوە، بەهۆی مانگی رەمەزانەوە لەسێدارەدانەکان کەم بوون و رێکخراوەکە پێشبینی دەکات دوای مانگی رەمەزان حاڵەتەکانی لەسێدارەدان زیاتر ببن.
سەبارەت بە تۆمەتی لەسێدارەدراوەکانیش، رێکخراوی هەنگاو ئاشکرای کردووە، “یەک حاڵەت بە تۆمەتی سیخوڕی، 10ـیان بە هۆکاری کوشتن بەئەنقەست و حەوتیشیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە لەسێدارە دراون”.