"نابێ دادگا لەژێر هەژموونی حزبدا بێ"

پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار ناڕازین و گلەییان لە دادگا هەیە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار لە پڕۆسەی دادگاییکردنی گیراوان ناڕازین و دەڵێن، بەشێک لە تۆمەتباران بەبێ پارێزەر دادگایی کراون و ئەشکەنجەش دراون.

ئەمڕۆ پارێزەرەکان چوونە بەردەم دادگا و ناڕەزایەتیان دەربڕی، دانا تەقیەدین وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەى دەستگیرکراوانى لالەزار بە 964ـى وت، “لە کۆی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە ناڕازین، یەکەم  راگیراوەکان دەبێ لە گرتن و گواستنەوە بن، دووەم دەبوو راگیراو و تۆمەتبار بەبێ پارێزەر وتەی لێ وەرنەگیرێ و ئەشکەنجە نەدرێ، بەڵام ئەمانەیان هەموو بەسەردا تێپەڕیوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە گیراوان لە 15.11.2026ـەوە حوکم دراون و تانەی پارێزەرەکانیش هەمووی تەواو بووە بۆ ناردنی دۆسیەکە و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان، بەڵام هێشتا دادگا هیچ وەڵامێکی نەداونەتەوە.

“گیراوەکان بوون بەدوو بەشەوە، لاهور شێخ جەنگی و پۆلادی برای و رێبواری حامیدی حاجی غالی لە چاکسازی گەورانن و چوار کەسی دیکەیان کە حکوم دراون و بەپێی یاسا دەبێ لە چاکسازی گەوران بن، بەڵام لە زیندانی ئاسایشن لەگەڵ باقی گیراوەکانی تر”، دانا تەقیەدین وادەڵێت.

وەک باسی دەکات، بەهۆی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار راگیراوە و نەنێردراوە بۆ دادگای تەمیز.

کۆتا قسەی ئەوان ئەوەیە کە نابێ دادگا لەژێر هەژموونی حزبدا بێ و دەبێ سەروەری خۆی بپارێزێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری