100 مەترییەکەی سلێمانی بووەتە قوربانی نەبوونی پارە

964+

توانا نەقی – هەولێر

سێ ساڵە بەهۆی کێشەی داراییەوە وەک پێویست کار لە سەد مەترییەکەی سلێمانی نەکراوەو هەر بەو هۆیەوەش تەواو نەکراوە.

شەقامی دووسایدی سەد مەترییەکەی سلێمانی کە بە ئۆتۆبانی بابان ناسراوە، سێ ساڵ پێش ئێستا بەردی بناغەی بۆ دانراوە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە، جێبەجێکردنەکە بە سستی بەڕێوە دەچێت.

زیاد رەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند: تەواو نەکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی پەیوەندی بە دابین نەکردنی پارە و کێشەی داراییەوە هەیە.

وتیشی “بە بیانووی نەبوونی پارە لە بەنکەکاندا پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دابین ناکرێت، کە ئەمە بۆ ئەوان برواهێنەر نییە و لە کۆمپانیای جێبەجێکار ناگرن ئەگەر کار نەکات”.

زیاد رەزا دەشڵێت،” نازانن ئەک کارە کە دەرهەق بە پرۆژەکانی سلێمانی لە نێویشیاندا شەقامی 100 مەتری دەکرێت بە مەبەستە یان نا، بەڵام ئەوە لە زیانی خەڵکدایە، کە لە سنوری سلێمانی ئەو هەمو پرۆژە پەکخراوە بە هۆی نەدانی پارەوە.

964+دەزانێت، پرۆژەی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی ساڵی 2020 لە لایەن سەۆکی حکومەتەوە بەردی بناغەی دانرا، دەبوو لە مانگی ئابی ئەمساڵ تەواو بکرێت، بەڵام تا ئێستا قۆناغی یەکەمی تەواو نەکراوە.

محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964+ی وت ” بەباتی خەرجنەکردنی پارە بۆ ئەو پرۆژەیە پەیوەندی بە ململانێێ سیاسی نێوان پارتی و یەکێتییەوە هەیە”.

وتیشی، ئەگەر واش بێت داهاتی سلێمانی بەشنەکات، با ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی بڕێک پارەی بۆ تەرخان بکەن و کارەکانی تەواو کردنی پرۆژەکە خێراتر بێت.