مۆلیدەکانی سێمێل بۆ حکومەت، هاوکاری نەکرێین کارەبا نادەین
میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک
گرانبوونی نرخی گازوێل و هاوکاری نەکردنیان لەلایەن حکومەت، خاوەن مۆلیدەکانی قەزای سێمێلی بەدەنگ هێناوەو هەڕەشەی کۆژاندنەوەی مۆلیدەکانیان دەکەن.
عامر حوسێن، نوێنەری خاوەن مۆلیدەکانی سنوری قەزای سێمێل بە میدیازانی وت “نزیکەی مانگێکە کارەبای نیشتمانی سنوری قەزای سێمێل کەمکراوەتەوە، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە دراوە بە هەندێ شوققەی نیشتەجێبوون و ناو بازار”.
بەپێی قسەی عامر بێت، مۆلیدەکان لە ئەیلولی رابردوو ٢١٥ کاتژمێر کارەبایان دابوو، بەڵام ئەم مانگە تائێستا سەرووی ١٦٠ کاتژمێرەو تا کۆتایی مانگیش دەگاتە سەرووی ٢٣٠ کاتژمێر، بەمەش بەراورد بە مانگی ئەیلول کاتژمێرێک کارەبای نیشتیمانی لە سێمێل کەمی کردووە.
هەموو قسەکانی نوێنەری خاوەن مۆلیدەکانی سێمێل لەلایەن هەکار هروری نوێنەری خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک جەختی لێدەکرێتەوە، دەڵێ “ئەمە وایکردووە کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی بۆ قەزا و شوێنەکانی تر کەم ببێتەوە”.
لەسنوری قەزای سێمێل، سەرووی ١٠٠ مۆلیدە هەن کە پێشتر گازوایلیان لە پاڵاوگەی کواشێ بۆ دابین دەکرا، بەلام ئێستا ئەو پاڵاوگەیە داخراوە. هەکار هروری، دەڵێ، خاوەن مۆلیدەکان ناچارن لەهەولێر هەر لیترێک بە هەزارو ٢٠٠ دینار بکڕن.
زیاتر وتی “لەگەڵ ئەوەی لە گازوایل هاوکاری ناکرێین، ئەوا حکومەت ١٠٠٪ کرێی شوێنی دانانی مۆلیدە، بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی و ئاوی لەسەر زیاد کردووین”.
بەقسەی عامر بێت، ئەیلولی ٢٠٢١ نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە تەنیا پێنج هەزار بووە، بەڵام ئەیلولی ئەمساڵ نرخەکەی ١٥ هەزارو ٢٥٠ دینار بووە، ئەمەش وادەکات بۆ ئەم مانگەش نرخەکە زۆر بێت، وتی “لەگەڵ ئەمەشدا وەک خاوەن مۆلیدە هیچ قازانج ناکەین، بۆیە ئەگەر هاوکاری نەکرێین هەڵوێستمان دەبێت تا ئاستی نەدانی کارەبا”.
خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل رەتی کردەوە کارەبای سێمێل کەم کرابێتەوە، دەڵێ حکومەت لە پێدانی کارەبای نیشتیمانی جیاوازی لەنێوان قەزایەک یان پارێزگایەک ناکات.
لەبارەی هەڕەشەی کوژاندنەوەی مۆلیدەکانیش ئەگەر هاوکاری نەکرێن، وتی “چەند جارێک پارێزگاری دهۆک هاوکاری خاوەن مۆلیدەکانی هەموو دهۆکی کردووە، وەک ئیدارەی قەزا ناتوانین هاوکارییان بکەین و ئەگەری هاوکاری هەبێت بۆ هەموو پارێزگایە نەک قەزایەک”.