سەنتەری قەزای مەخمور. وێنە:سۆشیال میدیا.
هۆکار چییە شوێنەکەی گۆڕاوە؟
دروستکردنی باڵەخانەی کۆلیژێک ناڕەزایی ناڕەزایی لای خەڵکی مەخمور دروستکردوووە
964+
ئەحمەد شەمزین
دوای دوو رۆژ لەدیاریکردنی شوێنێک بۆ دروستکردنی کۆلیژی پەروەردەی مەخمور لە ناحیەی دیبەگە، دەنگی ناڕەزایی لەناو خەڵکی قەزاکە زیادیکردووە و داوادەکەن دروستکردنی بینای کۆلیژەکە بهێنرێتە ناو مەخمور.
دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کۆلیژی پەروەردەی مەخمور گواسترایەوە باو باڵەخانەی کۆلیژی هونەرە جوانەکان لە هەولێر و چیتر لە مەخمور دەوامیان نەکرد.
رزگار ئیسماعیل قایمقامی قەزای مەخمور بۆ 964ی وتی، پێشوتریش کە کۆلیژی پەروەردە لە مەخمور بوو، هیچ باڵەخانەیەکی نەبوو، ئەوەی ئێستا دروست دەکرێت لەدەرەوەی سەنتەری مەخمور و لە دیبەگەیە کە دەکەوێتە سەنتەری قەزاکە و نوسراوی دروستکردنەکەی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە.
لەبارەی بڕیاری گۆڕینی شوێنی ئەو کۆلیژە قایمقامی مەخمور دەڵێت، کەشوهەوای دیبەگە پاکترە و دوورە لە کارگەکانی گەچ.
دوای دیاریکردنی شوێنی کۆلیژەکە لە ناحیەی دیبەگە، لەناو بەشێک بەرچاوی سۆشیال میدیای دانیشتوانی مەخمور هاشتاگی ناڕەزایی دروستکرا.
ئیبراهیم زیاد دانیشتویی قەزای مەخمورە بۆ 964 وتی، “ناکرێت مەخمور قەزایە و هیچ کۆلیژ و پەیمانگەیەکی لێ نەبێت، لەکاتێکدا دیبەگە ناحیەیە و سەر بە مەخمورە بینای کۆلیژی لێ بێت”.
ناحیەی دیبەگە 23 کیلۆمەتر لە قەزای مەخمورەوە دوورە.
مەخمور لە ساڵی 1927-ەوە بووەتە قەزا، لە هەولێرەوە 65 کیلۆ مەتر دوورە و لە پارێزگای موسڵ 60 کیلۆمەتر.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی