سەرۆک کۆمارى کوردستان

77 ساڵ لەمەوبەر قازى محەمەد لە سێدارەدرا

964+

وریا فەتاح

77 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە تاریک و روونى بەرەبەیانى 31ـى ئادارى 1947، مەیدانى چوارچرا لە شارى مەهابادى رۆژهەڵاتى کوردستان بوو بە شانۆى لەسێدارەدانى یەکەم سەرۆک کۆمارى کوردستان.

قازی محەممەد ناسراو بە پێشەوا، كوڕی قازی عەلییە، کە بنەماڵەیەکى بەناوبانگى شارى مەهابادن، قازى یەکێک بووە لە سیاسەتمەدارەکانى کورد و یەکەمین سەرۆک کۆمارى کوردستان بووە.

پێشەوا لە ساڵى 1946 بەهاوکارى چەند کەسێکی دیکە ده‌وڵه‌تی کۆماری مەهابادى لە شاری مەھاباد دامەزراند.

دوای رووخانی کۆمار لە ساڵی 1947، قازی لە 31ـى ئادارى 1947 لەگەڵ هەریەك لە سەدری قازی برای و سەیفی قازی ئامۆزایدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی ئێرانەوە لەسێدارە دران.

بەپێى راپۆرتێکى کەیومەرس ساڵح، پەیامنێری گۆڤاری مانگانەی ئەرتەش کە خۆی لە دانیشتنەکانی دادگادایى کردنى قازى محەمەدا بەشدارى کردووە، بەم شێوەیەى باس لە بەرگرییەکەى قازى دەکات بەرامبەر دادوەر کە وتبوى،” گیانی من، وڵاتی من و نەتەوەی من کوردە، چۆنتان پێخۆشە لەگەڵم رەفتار بکەن، بەڵام میللەتەکەم ئازار مەدەن”.

قازى لە تاریک و روونى  بەرەبەیانى 31ـى ئادار 1947 کە دەکاتە 10 خاکەلێوە، لە سێدارەدرا و بەیانی لەگەڵ خۆرهەڵاتن خەڵکی شار لە مەیدانی چوارچرا قازیان بە پەتى سێدارەوە بینى کە ئەمەش یەکێک بوو لە تاڵترین رۆژەکانى خەباتى سیاسى گەلى کورد.

تەمەنێکى کورت، مێژوویەکى گەورە

تەمەنێکى کورت، مێژوویەکى گەورە