بە درێژایى یەک کیلۆمەتر

 دوو گەنج بە خۆبەخشى رێگاى گوندەکەیان سەوز دەکەن

964+

محەمەد عەلی ــ پشدەر

بە درێژی یەک کیلۆمەتر دووگەنج لەسەر ئەرکی خۆیان رێگای گەندەکەیان گوندی ئاشوران لەناحیەی سەنگەسەر، بە داری تووی بەرهەمدار سەوز دەکەن.
کارۆخ حەسەن، یەکێک لەو دوو گەنجەیە کە چالاکییەکەیان ئەنجام داوە بە 964ـى وت،”رێگاى گوندەکەمان رووتەڵ و بێ سەوزاییە، بۆیە لەگەڵ هاوڕێکەم بڕیارماندا نەمامڕێژى بکەین بۆ ئەوەى دیمەنێکى جوان و ژینگەیەکى تەندروست بنیات بنێین”.

ئەو نەمامانەى گەنجەکان چاندویانن لە جۆرى توى بەردارن و بۆ ژینگەى پشدەر گونجاون، وەک ئەوەى کاروخ باسى دەکات، نرخى ئەو دارانە گرانە و لە تواناى ئەواندا نەبووە بیکڕن، بۆیە لاى دۆست و خزمەکانیان گەڕاون و نەمامەکانیان کۆکردووەتەوە و چاندوویانن.

ئەو نەمامانەى گەنجەکان چاندویانن بەرزیان دوو مەترە، ئەوەش بۆ ئەوەى مەڕوو ماڵات نەتوانن لە ناوى ببەن.

ئەو دوو گەنجە بە چاندنى نەمامەکان نەوەستاون و جۆگاى ئاویان بۆ دارەکان راکێشاوە، خەڵکى گوندەکەش بەڵێنیانداوە لە ئاودانى دارەکان و پارێزگارى کردنیان، درێغى نەکەن.

لە قۆناغى یەکەمدا گەنجەکان نزیکەى 50 نەمامیان چاندووە و بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکە پێویستیان بەلانیکەمى 100 نەمامى دیکە دەبێت.

گوندى ئاشوران، دەکەوێتە سنورى ناحیەى سەنگەسەرى سەر بە قەزاى پشدەر و نزیکەى 50 ماڵ تێیدا دەژین و یەک کیلۆمەتر لە ناحیەکەوە دوورن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

هاوڵاتییانی دوو گوندی پێنجوێن 600 نەمامی توویان چاند

هاوڵاتییانی دوو گوندی پێنجوێن 600 نەمامی توویان چاند