لەماوە 24 رۆژدا
لە سنورى راپەڕین 15 راوچى ماسى دەستگیرکراون
964+
وریا فەتاح
لەماوەى 24 رۆژى رابردووى قەدەغەى راوەماسى، لە سنورى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین 15 راوچى دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە نوێترین راگەیەنراویدا ئاماژەى بەوەکردووە کە مەفرەزەکانیان لە دەربەندى رانیە چاودێرى چەند کەسێکیان کردووە کە بەنیاز بوون راوە ماسى ئەنجام بدەن، بەڵام پێش ئەوەى دەست بە راو بکەن دەستگیرکراون و رووبەڕووى دادگا کراونەتەوە و ژمارەیەک کەلوپەلى راوەماسیشیان پێ گیراوە.
بەپێى بەدواداچوونێکى 964 کە لە پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین دەستیکەوتووە، لەماوەى 24 رۆژى رابردووى قەدەغەى راوەماسیدا، 15 راوچى دەستگیرکراون و ژمارەیەکى زۆرى کەلوپەلى راوەماسیش دەستیان بەسەرداگیراوە.
لە هەرێمى کوردستاندا، بەپێى یاساى ژمارە 8ـى ساڵى 2008، یاساى پاراستن و چاککردنى ژینگەى لە هەرێمى کوردستان- عێراق، مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکرێت.
دەروازەى چوارەمى هەمان یاسا و لە ماددەى 31 و بەپێى بڕگەکانى یەک و دوو و سێ، راوکردنى ماسى و باڵندە لە وەرزى جوتبوون و زاوزێدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
هاوکات بە پێى ماددەى چل و دوو لە حکومە سزاییەکاندا هاتووە:
یەکەم: لەگەڵ سەرپێچینەکردنى هیچ سزایەکى توند کە لە دەقى یاساکانى دیکەدا هاتبێ، سەرپێچیکەر حکومەکانى ئەم یاسایە و سیستەم و رێنماییەکانى کە بەپێى ئەوە دەرکراون، بە بەندکردن سزا دەدرێن، بۆ ماوەى مانگێک کەمتر نەبێت یان پێبژاردنێک لە 150 هەزار کەمتر نەبێت و لە 200 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
دووەم: لە هەر جارێکدا سەرپێچییەکە دووبارە بکرێتەوە، سزاکە دوو بەرامبەر دەکرێتەوە.