زیاتر بەرزبووەوە
نرخی عەیاری زێڕ لە خانەی 300 هەزاری نەما
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ هەینی لە سلێمانی، نرخی یەك مسقاڵ، زێڕی عەیارە 18 بە 400 هەزار دینار، و عەیارە 21 بە 465 هەزار و عەیارە 24 بە 531 هەزار دینار دەفرۆشرێ.
لە نرخی جیهانیش، یەك ئۆنسە زێڕ نرخەكەی گەیشتوەتە سەرووی دوو هەزار و 200 دۆلار.
دلێر غەریب، زێڕەنگەر لە بازاری زێرەنگەرانی سلێمانی ئەمرۆ هەینی 29.3.2024 بە 964ی وت، به گوێره‌ی بۆرسه‌ی جیهانی، یه‌ك ئۆنسه زێڕ به شێوه‌ی كاش به رێژه‌ی 0.8% به‌رزبووه‌وه و گه‌یشتووەته 2212.47 دۆلار بۆ هه‌ر ئۆنسه‌یه‌ك، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی تۆماركردنی به‌رزبونه‌وه‌ی مانگانه‌ی زیاتر له 8% و دووه‌م به‌رزبونه‌وه‌ی چاره‌كی له‌سه‌ر یه‌ك.
یه‌ده‌گی فیدراڵی ئه‌مریكا پێشبینی ده‌كرد له‌مساڵدا سێ هێنده رێژه‌ی سوود كه‌مبكاته‌وه، له‌و كاته‌وه‌ش له به‌رزترین ئاستی تا ئێستا ماوه‌ته‌وه، ئەوەش وایکردووە، یەك ئۆنسەی زێڕ، كە كێشەكەی 31.1 گرام بێت، بە 22 وەرەقە و 19 دۆلار بفرۆشرێت.
بە وتەی ئەو زێڕەنگەرە بێت، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان وابەستەی نرخی جیهانین، جگە لە قەیرانی شەڕی ئۆکرانیا و روسیا و ئەگەری فراوانبوونی، رێکارەکانی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا بۆ رێژەی سوود کاریگەری تەواو بەسەر گۆڕانکارییەکەوە هەبووە.
کەمبوونەوەی خەرجیی بەکاربەر دەبێتە یەکێک لە ئاماژەکان کە هەڵاوسان لە ئەمریکا رووەو دابەزین هەنگاو دەنێت، ئەوەش ئەو پێشبینییە بەهێز دەکات کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکات، کە ئەوە بە زیانی دۆلار و قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.