ماڵپەڕی شەفافیەت وا دەڵێت

داهاتی سلێمانی لە 11 ملیارەوە بۆ چوار ملیار دینار کەمیکردووە

964+
ئەحمەد مستەفا

لە ماوەی نێوان 1.3.2024 بۆ 29.3.2024 و لە ماوەی چوار هەفتەدا، بە گوێرەی ئەو پێگە بێت کە بۆ داتاکردنی داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی دانراوە، حەوت ملیار دینار داهاتی ئەو ناوچانە کەمیکردووە.

تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوو، هەمان ئەو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیانە زیاتر لە سێ ملیار دینار داهاتیان کەمیکردووە، داهاتی یەك هەفتەی سلێمانی لە رۆژی 23ی ئازاری 2024 تا 29ی ئازاری 2024 زیاتر لە چوار ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا هەفتەی پێش ئەو وادەیە، زیاتر لە حەوت ملیار دینار بووە.

ماڵپەڕی شەفافییەت، چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دەکات و لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێت، بەپێی ئەو رۆڵە بێت کە بۆ خۆی دیاریی کردووە، ماڵپەرەکە داتای داهاتی فەرمانگە میرییەکان و دەروازە سنوورییەکان دەکات.

بە گوێرەی پێگەکە، داهاتی هەفتەی کۆتایی مانگی ئازار، بڕی چوار ملیار و 53 ملیۆن و 513 هەزار و 787 دینار بووە و کۆی گشتیی داهاتەکەش بە شێوەی نەختینە بووە، ئەوە لە کاتێکدا داهاتی یەکەم هەفتەی هەمان مانگ، بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە لە 2.3.2024 تا 8.3.2024 کۆی داهاتی کۆکراوەی نانەوتی ئەو ناوچانە 11 ملیار و 562 ملیۆن و 841 هەزار و 779 دینار بووە.

ئەوە لە کاتێکدایە، هەفتەری رابردوو شارەکە زنجیرەیەک بایکۆتی دەوامی فەرمانگە میرییەکانی بەخۆیەوە بینی لەوانە، هاتوچۆی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی باجەکان و هەر ئەوێش نا، بایکۆت ناوچەکانی دیکەشی گرتەوە، هاوکات مامەڵەی گومرگیش لە پارێزگاکەکەدا کەمبووەتەوە.

داهاتی ساڵی رابردوو 2023، داهاتی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکان بە پێی ماڵپەڕەکە کە لە گەنجینەی یەک، گەنجینەی دووی سلێمانی، گەنجینەی چەمچەماڵ، گەنجینەی گەرمیان، گەنجینەی هەڵەبجە و گەنجینەی راپەڕین كۆكراونەتەوە، بریتی بووە لە یەک ترلیۆن و 173 ملیار و 989 ملیۆن و 484 هەزار و 615 دینار كە بە شێوەی نەختینە و چەك و مقاسەیە.

داهاتی سلێمانی لە یەکەم هەفتەی مانگی سێدا دابەزیوە

داهاتی سلێمانی لە یەکەم هەفتەی مانگی سێدا دابەزیوە

داهاتی سلێمانی روو لە دابەزینە

داهاتی سلێمانی روو لە دابەزینە