مەلا بەختیار سەبارەت بە تۆمارە دەنگیەکەی: هیچ قسەیەکم نییە

964+

هێمن بەکر – هەولێر

مەلا بەختیار سەبارەت بە دەنگە بڵاوکراوەکەی هیچ قسەیەکی نییە، راستیی تۆمارەکەش رەتناکاتەوە.

تۆمارێکی دەنگیی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوبووەتەوە.

هێشتا نازانرێت سەرچاوەی یەکەمی بڵاوکردنەوەی دەنگەکە کام پەیج و ماڵپەڕە، بەڵام لە چەندین پەیجی فەیسبووک بەرچاوی 964+ کەوت کە دەنگی داوەتەوە و کاردانەوەی فراوانی لێکەوتووەتەوە.

لە تۆمارەکەدا، ئەگەرچی نازانرێت قسە بۆ کێ دەکات، بەڵام مەلا بەختیار باسی هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، دلێری سەید مەجید، ئاسۆ ئەڵمانی، حامیدی حاجی خالید، سەعدی ئەحمەد پیرە دەکات.

لەوبارەیەوە، 964+ پەیوەندی کرد بە دەژین دڵشاد، سکرتێری مەلا بەختیار، ئەو وتی “مەلا بەختیار دەڵێت، هیچ قسەیەکم نییە لەسەر ئەو بابەتە”.

964+ پرسیاری کرد ئایا مەلا بەختیار رەتیدەکاتەوە کە ئەو دەنگە راست و دروست بێت؟ سکرتێرەکەی لە وەڵامدا وتی، “نەخێر”.

ئەوە بە مانای ئەوە دێت کە ئۆفیسی مەلا بەختیار پشتڕاستیدەکاتەوە، ئەو تۆمارە دەنگیە ساختە نییە.