لە مانگێکدا 40 کەس توشبوون

لە داقوق نەخۆشی سورێژە تەشەنەی کردووە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

رێژەی توشبوون بە نەخۆشی سورێژە لە قەزای داقوق رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبوونە و لەماوەی مانگیکدا زیاتر لە 40 کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، چونکە ڤایرۆسێکە لەنێوان بچوک و گەورەدا دەگوازرێتەوە بۆ یەکتر.

فەرمان نەشئەت بەڕێوبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ی وت، نەخۆشییەکە زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە بەتایبەت لەنێو منداڵان و گەنجان، سەرەتا نیشانەکانی بە، تا، کۆکە و  بێتاقەتی دەردەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا جەستەیان توشی سەرهەڵدانی قنچک دەبێت.

وتیشی، هیچ ساڵێک بەقەد ئەمساڵ خەڵکی تووشی ئەو نەخۆشییە نەبوون و ئاوا بەزوویی تەشەنەی نەسەندووە.

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی داقوق هۆکاری سەرهەڵدانی نەخۆشییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەس گرنگی بە کوتان نادات لەکاتی منداڵیدا، لەکاتێکدا منداڵ لەسەرەتای تەمەنیەوە تا دوو ساڵ، دەبێت لانی کەم سێ بۆ چوار جار بکوترێت بۆ ئەوەی لەکاتی گەورەبوون تووشی ئەم ڤایرۆسە نەبن.

نەخۆشیەکە نزیکەی 10 رۆژ دەخایەنێت تا چاکدەبێتەوە و هیچ چارەسەرێک ناتوانێت بەزویی بنبڕی بکات.

نەخۆشی سورێژە یەکێکە لە نەخۆشییە ڤایرۆسیەکانە و ئەمساڵ بەرێژەیەکی زۆر بەربڵاوە، بۆیە تەندروستی داقوق هۆشداری دەدات، ئەو کەسانەی توشبوون نزیکی خەڵکی نەکەونەوە تاکو چاک دەبنەوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

هەڵمەتی کوتانی قوتابیانی سەرەتایی دژی نەخۆشی سورێژە د...

هەڵمەتی کوتانی قوتابیانی سەرەتایی دژی نەخۆشی سورێژە دەستپێدەکات