پاش حەوت ساڵ توێژینەوە؛ زانکۆی سۆران ئاوی پیس پاکدەکاتەوە

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

زانکۆی سۆران، ماوەی حەوت ساڵە کار لەسەر زانستێکی نوێ دەکات بۆ پاککردنەوەی ئاوی پیس، بە قسەی خۆیان، ئەم شێوازە خێراترین و کاریگەرترین رێگایە بۆ پاککردنەوە.

دکتۆر سەمیر عەزیز، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سۆران بە +964ی راگەیاند، بە رێگای نانۆتەکنۆلۆجی، پاودەرێکیان بەرهەمهێناوە کە توانای ئەوەی هەیە، ئاوی پیس لە هەموو جۆرە بەکتریایەک پاکبکاتەوە.

بە وتەی دکتۆر سەمیر “ئەو پاودەرە ناوی ‘نانۆپارتیکڵ’ە، وەکو تۆزی شیر وایە، ئەگەر بیخەیتە ناو گڵاسێک ئاوی پیس بوو، بۆ ماوەی 30 چرکە، هەموو ئەو پیسیەی لە ئاوەکە هەیە، هەڵیدەمژێت”.

دکتۆر ئەبوبەکر حەسەن، توێژەری ئەو بەشەیە، دەڵێت “ئەو پاودەرە لە هەندێ جۆری رووەک یان لە ئاوی لیمۆ یان ئاوی سماق بە چەند پرۆسەیەک دروستی دەکەین”.

وتیشی “زانکۆکانی تر کە ئەو پاودەرە دروستدەکەن، دەیهێنن بۆ لای ئێمە پشکنینی بۆ دەکەین، چونکە ئامێری پشکنین تەنیا لە زانکۆی سۆران هەیە”.

نانۆ تەکنۆلۆجی زانستێکی سەردەمیە، کار لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی قەبارەی مادە دەکات، بە جۆرێک قەبارەی مادە بچووک دەکاتەوە کە بە چاو نەبینرێت، وەک جۆری ئەو پاودەرەی زانکۆی سۆران دروستیکردووە.

بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سۆران دەڵێت، ئەو پاودەرەی ئەوان دروستیان کردووە، ئەگەر بخرێتە ژێر مایکرۆسکۆپ، ئەوا دەبێت چوار هەزار جار گەورە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ببیندرێت.

سەنتەری زانکۆی سۆران، لە ساڵی 2015، دامەزراوە، لە ئێستادا شەش خوێندکاری دکتۆرا و سێ خوێندکاری ماستەری هەیە کە لە بواری نانۆتەکنۆلۆجی دەخوێنن.