حاسڵاتی رۆژ

ئەمڕۆ چەند موشەکێک کەوتووتە ناو شارە ئیسرائیلییەکانەوە

964+

ژووری هەواڵ

رۆژنامەی بلومبێرگ لە زەری فەرماندەی کەشتیگەلی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە: ئێران دوو کەشتی لە نزیک دەریای سوور راگرتووە، یەکێکیان لە کەناراوەکانی جیبۆتییە و کاری هەواڵگری دەکات، ئەوی تریشیان بۆ پاڵپشتی سەربازییە.

رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت نوسیوێتی: ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەزەوە ناتەنیاهۆ کەسوکاری دیلە ئیسرائیلییەکان دەبینێت.

وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دەڵێت: بایدن هەڵەی گەورە دەکات کە فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل و باسی مافی لایەنی بەرامبەر دەکات، چونکە ئەوان تیرۆریستن و دەیانەوێت لەناومان ببەن.

بەرگری شارستانی ئیسرائیلی دان بەوەدا دەنێت کە ئەمڕۆ چەند موشەکێک کەوتووتە ناو شارە ئیسرائیلییەکانەوە دەڵێت موشەکەکان زیاتر لە سی دانە بوون، چەند باڵەخانەیەک زیانی گەورەیان بەرکەوتووەو برینداریش هەیە، سەرچاوەی موشەکەکانیش خوارووی لوبنان بوون.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی لوبنانی دەڵێن: بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر بنکەیەکی تەندروستی لە خوارووی لوبنان، لانی کەم حەوت کەس کوژراون و تائێستا نەتوانراوە هەموو تەرمەکان دەربهێندرێنەوە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە: ئیسرائیل بڕیاری خۆی داوەو حەماس لەناو دەبات، لە ئێستاوە دەبێت بۆ هێزێکی لۆکاڵی بگەڕێین کە پاش لەناوچوونی حەماس، غەزە بەڕێوە ببات.