پێشنیاریان بۆ کراوە
شارەوانی سلێمانی نایەوێ پەردە بە رووکاری دوکانەکاندا بدرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
شارەوانی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، ئاگاداری دوکاندارەکانی ناوبازاڕیان کردەوەتەوە کە رووکاری دوکانەکانیان بە پەردە دانەپۆشن، چونکە پێیان وایە، بەکارهێنان و دانانی پەردە هۆکارە بۆ رووداوی نەخوازراو و ئاگرکەوتنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 26.3.2024، تیمەکانی بەشی لابردنی زیادەڕەوی لە شارەوانی سلێمانی و هۆبەی ناوبازاڕ لە هەڵمەتێکدا بە هاوبەشی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی و تیمەکانی بەرگری شارستانی هەستان بەئاگادارکردنەوەی سەرجەم ئەو دوکاندارانەی ناوبازاڕ کە پەردە بەکاردەهێنن.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئەوەی بە 964 وت، داپۆشینی دوکانەکانیان بەو پەردانە و هەڵواسینی بە رووکاری دوکانەکاندا مەترسی هەیە، و داوایان لێکراوە کە پێویستە هەستن بە لابردنی ئەو پەردانە، چونکە هۆکاری سەرەکییە بۆ کەوتنەوەی ئاگر.
بە قسەی وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بێت، لە ئاگادارکردنەوەی ئەمڕۆیاندا کە لەلایەن بەشی لابردنی زیادەڕەوی و لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی و بەرگری شارستانییەوە تیمەکان پێکهێنراون، باس لە هۆکارەکانی ئەو مەترسییە کراوە، رێنمایی ئەوە کراون چاودێر یان جێگرەوەی فرۆشیار دابنێن.